قاسمی : کۆبوونەوەی تاران دەرفەتێک بۆ هاوبیروڕایی ناوچەییە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی : کۆبوونەوەی سەرۆکانی ئێران، تورکیا و ڕووسیا لە تاران، دەرفەتێکی شیاو و باشە هەتا دیپلۆماسی و ڕەوتی سیاسی بتوانێ بەسەر شەڕ دا سەرکەوێت و تیرۆریستەکان تەسلیمی خواست و ئیرادەی خەڵکی سوریا بن.
کۆبوونەوەی سەرۆک کۆمارانی ئێران، تورکیا و ڕووسیا سەبارەت بە سوریا سبەی هەینی حەوتەمی سپتەمبەر لە تاران بەڕێوە دەچێ .
بەهراام قاسمی ڕۆژی پێنج شەممە لە یادداشتێک دا لە ڕۆژنامەی ئێران نووسی : کۆبوونەوەی سەرۆکانی ئێران، تورکیا و ڕووسیا، درێژەی وتووێژی نێوان کاربەدەستانی باڵای ئەم سێ وڵاتە لە پێناو ڕەوتی سیاسی ناسراو بە ڕەوتی ئاستانە بووە و دەرفەتێکی باش بۆ هەماهەنگی و هاوبیروڕایی بەرامبەر پرسەکانی دوو و چەند لایەنە و گرفتەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەی تارانی چارەسەرکرانی بناغەیی و سیاسییانەی قەیرانی سوریا زانی و وتیشی: هاوکاری ستراتژیکی نێوان ئێران، ڕووسیا و تورکیا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو، دەورێکی دیاریکەری لە بەرەنگار بوونەوەی تیرۆریزم بەتایبەت بەرەنگاربوونەوەی تاقمی تەکفیری - تیرۆریستیی داعش، دامەزرانی ناوچەکان هێمن و بەدوور لە شەڕ و کێشە و گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوری بۆ ماڵەکانیان هەبووە.
قاسمی هەروەها ئاماژەی کردە زێدەخوازی و ملهوڕییەکانی ناشیاو و بێ مەنتق و واوەناوچەیی ئەمریکا و وتی : ئێران، تورکیا وڕوسیا لەبەر قەبووڵ نەکردنی بایکۆتی یەک لایەنە لەلایەن ئەمریکاوە، کەوتوونەتە بن گوشاری جۆربەجۆر و کۆبوونەوەی تاران دەتوانێ ببێت هۆی هەماهەنگی و هاوبیروڕایی نێوان ئەم سێ وڵاتە بۆ بەرەنگار بوونەوەی بایکۆتی زاڵمانە و هەڕەشەی نادادگەرانە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێداگری کرد : ئێران، ڕووسیا و تورکیا بەرەوڕووی گرفتی هاوچەشن و هەڕەشەی هاوچەشن لە لایەن دەسەڵاتدارانی زۆربێژی واوەناوچەیین و بێ گومان درێژەی هاوکاری دوو و سێ لایەنە بووەتە پێویستییەکی بنەڕەتی .