May 07, 2019 15:14 Asia/Tehran
  • پێداگریی ڕۆحانی لە سەر جێبەجێ کرانی ڕێککەوتننامەکانی نێوان ئێران و ئێراق

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، جێبەجێ کرانی ڕێککەوتنەکانی تاران _بەغدای بە هەنگاوێکی پڕبایەخ لە ڕێگای پەرە پێدانی خێرای پێوەندییەکانی دوو وڵات زانی و وتی: هەوڵ لە ڕێگای پەرە پێدان و پتەوتر کردنەوەی زیاتر لە ڕابردووی پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵات، ویست و خواستی دوو گەلی ئێران و ئێراقە.

"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە پێوەندیی تەلەفوونیدا لەگەڵ "بەرهەم ساڵح"ی سەرۆک کۆماری ئێراق ئاماژەی کردە هەڵوێستە  هاوبەشەکانی دوو وڵات سەربارەت بە پرسە هەستیارەکانی ناوچە و جیهان و وتیشی: بە هاوکاریی هاوبەش ، دەبێ گەشانەوەی ناوچەکە و پەرە سەندنی پێوەندیی نزیکی ئێران و ئێراق ببینین.

ڕۆحانی هەروەها  ئاماژەی کردە پەلاماری دڕندانەی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر غەززە و وتی: دەسدرێژییەکانی ئەم ڕژێمە داگیرکەرە ڕۆژ لە دوای ڕۆ ژ زیاتر دەبێ و پێویستە وڵاتانی ئیسلامی لەم بوارەدا زیاتر وەخۆ کەون و پێش بە دەسدرێژیەکانی داگیرکەران بگرن.

سەرۆک کۆماری  ئیسلامیی ئێران هەروەها سەبارەت بە هەنگاوە تێکدەرانەکانی ئەمریکا لە ناوچە و لەوان تەگەرەنانەوە لە سەر ڕێگای هەناردەی نەوتی ئێران وتیشی: هەموو وڵاتانی ناوچە دەبێ بە تێگەیشتن لە باروودۆخی هەستیاری ئێستا و بە هاوکارییە یەکتری پێش بە زۆربێژییەکانی ئەمریکا بگرن کە ئامانجی لەو زۆربێژییانە ئاڵۆزی نانەوە و تێکشێوانی هەر هەموو ناوچەکەیە.

ڕۆحانی جەختی کرد: هەنگاوە تێکدەرانەکانی ئەمریکا لە ناوچە بێ گومان بە زیانی خەڵکی ناوچە و تەنانەت گەلی ئەمریکا دەبێ.

"بەرهەم ساڵح" سەرۆک کۆماری ئێراقیش ئاماژەی کردە پێوەندیی مێژوویی، کولتووری و قازانجە هاوبەشەکانی دوو گەلی ئێران و ئێراق و وتی: هەوڵی بەغدا لە سەر تەوەرەی  باشتر کردنی پێوەندیی دوولایەنەی لەگەڵ تاران بە پێی ئەو ڕێککەوتنانەیە کە لە ئارادان.

سەرۆک کۆماری ئێراق هەروەها باروودۆخی ئیستای ناوچەکەی بە جێی نیگەرانی زانی و وتیشی: ئێراق نەیاری  هەرچەشنە ئاڵۆزی نانەوە لە ناوچەکەدایە.

سەرپەیڤ