May 29, 2019 16:22 Asia/Tehran
  • رۆحانی : گەلی ئێران، قودس و ستەملێکراوانی مێژووی قەت بەتەنیا نەهێشت

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بەوەی کە گەلی ئێران، قودس و ستەملێکراوانی مێژووی قەت بەتەنیا نەهێشت، وتی: گەلی ئێران ئەمساڵیش بەئامادەبوونی بەرفراوانی خۆی لە ڕێپێوانی رۆژی قودسدا، ڕایدەگەیێنێ کە هەتا گەیشتن بەسەرکەوتن، لەهەمبەر زاڵماندا ڕادەوەستێ.

"حەسەن رۆحانی" ئەمڕۆ چوارشەممە لەکۆڕی ئەنجومەنی وەزیراندا وتی: فەلەستین و قودس ، رەمزێکە بۆ موقاوەمەو خۆڕاگریی هەموو موسڵمانان و ئیسرائیل کۆدێکە بۆ دەسدرێژکارانی دونیا کە دەیانەوێ ستەم بکەن لە موسڵمانان.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بەوەی کە گەلانی مەزلوومی یەمەن و فەلەستین لەو رۆژە پیرۆزانەی مانگی ڕەمەزان، رۆژانێکی سەخت و دژوار وەپشت سەردەنێن، وتی: خەڵکی مەزلوومی یەمەن و فەلەستین لە دەسدرێژکاران ناترسن و بە فیداکاری، خۆبەخت کردن، خۆراگری و دەسەڵات وتوانایان، دوژمنان ناچار بە پاشەکشە دەکەن.

رۆحانی بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە وەڵامی ئەمڕۆی فەلەستینیان بە داگیرکەران، مووشەک لەهەمبەر مووشەکدایە، وتی: رۆژگارێک خەڵکی فەلەستین بۆ بەرەڤانی لەخۆیان تەنیا چەکیان بەرد و کوچک بوو، بەڵام ئەمڕۆ بەهەوڵ وفیداکاری و پیشەسازیی ناوخۆی، زایۆنییەکان ناچار بە پاشەکشە دەکا.

سەرۆک کۆماری ئێران هەروەها وتی: ئەگەرچی ئەو نەتەوانە، نەتەوەگەلێکی خۆڕاگر، مەزن و ئیسارگەرن، بەڵام لەلایەکی دیکەوە، تاوانکاریی زلهێزانیش ڕوو لەتەشەناکردنەو ئەوان لەحاڵی ناردنی چەکەمەنی مۆدێرنن بۆ ناوچەو بۆردومانی خەڵکی ستەملێکراوی یەمەن و فەلەستین.

رۆحانی بەئاماژە بەوەی کە واقعییەتی مامەڵەی سەدە، مایەپووچیی سەدەیە بۆ پێشنیارکەرانی ئەو پرۆژەیە، وتی: ئەمڕۆ پیلان لەدژ گەلی فەلەستین نییە، بەڵکوو پیلان لەدژ ناوچەی رۆژاوای ئاسیایە.

دواهەینیی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لەسەر دەسپێشخەریی ئیمام خومەینی(ڕە) دامەزرێنەری کەبیری کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک رۆژی جیهانیی قودس ناودێرکاوە، ڕێپێوانی ڕۆژی جیهانیی قودس ، رۆژی هەینیی داهاتوو ٣١ی مای٢٠١٩ ڕێکەوتی ٢٥ی رەمەزانی١٤٤٠ی کۆچی مانگی لەگشت وڵاتانی جیهان بەڕێوە دەچێ.

 

سەرپەیڤ