گرینگایەتی دان و خواستی بەرپرسانی ئێرن و تورکیا لەمەڕ پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکانیان
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی و سەرۆک کۆماری تورکیا جەختیان کرد لە سەر گرینگایەتی دان و خواستی بەرپرسانی ھەردووک وڵات بۆ کەڵک وەرگرتن لە بارستایی و تواناییەکانی ئێستایان لە ئاراستەی پەرە پێ دان و قوڵ و پتەوکردنەوەی ڕۆژلەدوای ڕۆژی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ئانکارا.
بەپێی ڕاپۆرتی بنکەی زانیاری گەیاندنی سەرۆک کۆمارەتی، «حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی شەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ « ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیا، وێڕای پیرۆز کردنی جێژنی ڕەمەزانی پیرۆز لە دەوڵەت و گەلی ئەم وڵاتە ، وتیشی: پەرە پێ دانی پەیوەندی و ھاوکارییەکانی نێوان ئێران و تورکیا وەک دوو وڵاتی ھێزمەندو کاریگەری جیھانی ئیسلام لە سەر سەقام و ئاسایشتی ناوچەکە جێگای سەرنج و گرینگی پێ دانە.
ڕۆحانی وێڕای داخ و مەخابن دەربڕین لە بەردەوامیی خوێن ڕستن و کوشت و بڕی خەڵک لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی وەک سودان، لیبی ، یەمەن و ئەفغانستان، وتیشی: ئێران و تورکیا لە تەنیشتی یەکترداو بە ھاوکاریی وڵاتانی دۆست و برادەری دیکە دەتوانن کۆتایی بەم ڕەوتە جێی مەخابن و ترسناکە بھێنن و گرفت و تەنگژەکانی ناوچەکەو جیھانی ئیسلام بە باشی چارەسەر بکەن.
«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ھەروەھا لە سەر ویستی تاران بۆ پەرە پێ دانی ھاوکارییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئانکاراو بەکار ھێنانی دراڤی نیشتیمانیی تورکیاو ئێران، پێی داگرت.
« ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیاش جێژنی ڕەمەزانی لە دەوڵەت و گەلی ئێران پیرۆز کرد و ڕایگەیاند: ئێران و تورکیا دوو وڵاتی دۆست و برادەرن لە ناوچەکەداو دیارە پەرەسەندنی پەیوەندی و ھاوکارییەکانی نێوانیان بە قازانجی ھەردووک نەتەوەکەو ناوچەکەش دەبێ.
سەرۆک کۆماری تورکیا وتیشی: ئێران و تورکیا دەتوانن بە پەرە پێ دانی پەیوەندی و ھاوکارییەکانیان لە ئاراستەی پتەوکردنەوەی سەقام و ئاسایشتی ناوچەکەو خەباتی دژی تیرۆریزم ڕۆڵێکی زیاتر بگێڕن.
« ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیا ھەروەھا وێڕای ڕەخنەگرتن لە بایکۆتەکانی یەک لایەنەو ستەمکارانەی ئەمریکا دژی ئێران، وتی: ئانکارا قەت ئاوا بایکۆتێکی ستەمکارانەی پێ قەبووڵ ناکرێت و بەدووی پەرە پێ دانی پەیوەندی و ھاوکارییەکانی لەگەڵ تاران دا دەبێت.