ڕۆحانی: ئێران بە دووی شەڕو پێکدادان لە ناوچەکەدا نییە
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕایگەیاند: ئێران بە دووی شەڕو پێکدادان لە ناوچەکەدا نییە، بەڵام مۆڵەتی بەزاندنی سنوورەکانی بە دوژمنانیش نادات.
«حەسەن ڕۆحانی»سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی کۆڕی دەوڵەت وێڕای ئاماژە کردن بە سنووربەزاندنی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی شۆڤاریی ئەمریکا لە ئاوەکانی سەرزەوینی ئێران، ڕایگەیاند: ئەگەر دوژمنێک ستنوورەکانی ئێران ببەزێنێ، لە ڕاستی دا ھێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەزاندووە و ئێران وەڵامێکی گورچک بڕی دەداتەوە.
«حەسەن ڕۆحانی»سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە دەربڕینی ئەمەی کە سیستێمێکی بە تەواوی خۆماڵی و ئێرانی فڕۆکە شۆڤارییەکەی ئەمریکای خستە خوارەوە، وتیشی: ئێران لە ڕووی زانست ، تەکنۆلۆژیاو پیشەسازی لە بەشی سەربازی و ناسەربازیش دا گەشەی باشی کردووە.
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ھەروەھا ئاماژەی کردە سیاسەتەکانی دژی ئێرانیی دەوڵەتی ئەمریکاو وتیشی: لەم ڕۆژانەدا کۆشکی سپی سەری لێ شێواوەو وتەو بوختانەکانی کاربەدەستانی سەرلەبەر نەڕەواو گاڵتەجاڕانەیە.
«حەسەن ڕۆحانی»سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی تیشکی خستە سەر بانگەشەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ نیگەرانییەکانی سەبارەت بە دەست ڕاگەییشتنی ئێران بە چەکی ناڤۆکی، وتیشی: ئەگەر ترەمپ نیگەرانی دەست ڕاگەییشتنی ئێران بە چەکی ناڤۆکییە، دەسا بۆ لە بارەی ڕژێمی داگیرکەری ئیسرائیلەوە کە ئەو ھەموو چەکە ناڤۆکییەی ھەیە بێ دەنگەی لێ کردووە.
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە دەربڕینی ئەمەی کە تاران بە پێی فەتوای ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی و ڕاپۆرتی ناوەندەکانی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی بە دووی چێکردنی چەکی ناڤۆکییەوە نییە،وتیشی: ئەمریکییەکان بۆخۆیان ئەوەیان سەلماندووە کە قسەکانیان بێ ناوەڕۆک و درۆو دەلەسەیە.
«حەسەن ڕۆحانی»سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە ئاماژە بەمەی کە ئەمریکی وە ئەورووپییەکان لە ڕێککەوتنی بەرجام دا ڕێگایەکی ھەڵەو نادروستیان ھەڵبژاردووە، ڕایسپاردن ھەتا پابەندی وادەو بەڵێنەکانیان بن.