موحسین رەزایی : پێویستە ماکرۆن داوای لێبوردن لە گەلی لوبنان بکات
سکرتێری ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندیەکانی نیزامی ئێران رایگەیاند، لێدوانەکانی سەرۆکی فەڕەنسا لەبارەی بەیروت دەستێوەردانی دەرەکییە و دەبێت داوای لێبوردن بکات.
موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندیی نیزامی ئێران ، لە پەڕەی خۆی لە تویتەر رایگەیاند "لێدوانەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا خەم و کۆسپەکانی ئێستای گەلی لوبنانی زیاترکرد، کە بەهۆی تەقینەوەکەوە هەیانە".
ئاماژەی بەوەشکرد، لەبری هاوکاریکردن لە دیاریکردنی بەرپرسانی تەقینەوەکانی بەیروت، ماکرۆن هەوڵدەدات گۆڕانکارییەکی سیاسی بقۆزێتەوە و سەقامگیری لوبنان تێکبدات.
لە کۆتایی تویتەکەیدا رەزایی نوسیویەتی "پێویستە ئیمانوێل ماکرۆن داوای لێبوردن لە گەلی لوبنان بکات".
ئیمانوێل ماکرۆن یەکەمین سەرۆکی وڵاتێکی بیانی بوو کە دوای تەقینەوە مەزنەکەی بەیروت سەردانی ئەو شارەی کرد و پەیمانیدا بە هاوکاریکردنی زیاتری لوبنان.
لەو سەردانییەیدا جەختیکردەوە، پێویستە رێکاری جددی بگیرێتەبەر بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی سیاسی بە شێوەیەکی بەرفراوان لە وڵاتەکەدا.