تشرینی یه‌که‌م 29, 2020 07:23 Asia/Tehran
  • داکۆکی لە عێراقێکی سەربەخۆ، ھێزمەندو یەکپارچە، سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە

سکرتێری کۆگەی گشتیی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامی ئیسلامیی ئێران لە دیداری سکرتێری گشتیی بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی نوجەبا، داکۆکی لە عێراقێکی سەربەخۆ، ھێزمەندو یەکپارچەی وەک بەشێک لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناساند.

«موحسین ڕەزایی» سکرتێری کۆگەی گشتیی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامی ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە لە دیداری «شێخ ئەکرەم کەعبی» سکرتێری گشتیی بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی نوجەبای عێزراق لە تاران وتی: ئەمریکییەکان بە نیازن بە وەڕێ خستنی شانۆی پەیوەندیی نێوان ڤێندێک لە وڵاتانی خائینی عەرەب لەگەڵ ڕژێمی زایونی پێش بە تەوەرەی خۆڕاگری بگرێت، بەڵام دیارە ئەمریکا چوونەدەرەوە لە ناوچەکە نەبێت ھیچ ڕێگایەکی دیکەی بۆ نییە.

ڕەزایی لە درێژەی قسەکانی دا مەرجەعییەت، حەشدی شەعبی و جەماوەری ڕاچەنیوی وەک سێ کۆڵەکەی خۆڕاگری لە عێراق دا ناساندو ھیوای خواست کە عێراق ڕۆژلەدوای ڕۆژ سەربەخۆتر و یەکپارچەترو ھێزمەندتر ببێت.

سکرتێری کۆگەی گشتیی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزامی ئیسلامیی ئێران، بە دەربڕینی ئەمەی کە گەڵاڵەی سازانی ئاتلی سەعود، بەحرەین و ئیمارات لەگەڵ داگیرکەرانی قودسی پیرۆز توشی شکست دەبێت، وتیشی: بەرەی خۆڕاگری ناھێڵێ ئیسرائیل ببێتە جێگرەوەی ئەمریکا لە ناوچەکەداو ئەمەش بە سەربەخۆبوونی وڵاتانی ناوچەکەو دابڕانیان لە ئەمریکا وەدی دێت.

«شسێخ ئەکرەم کەعبی»ش لەم دیدارەدا وێڕای ئاماژە کردن بە ھەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دروست کردنی بشێوی لە عێراق دا وتیشی: باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق لانکی وەڕێ خرانی ئاژاوەیە بۆ ھەڵایساندنی شەڕی نێوخۆیی و لەبەریەک ھەڵوەشاندنەوەی عێراق.

ناوبراو بە دەربڕینی ئەمەی کە بەم رووانە ئەمریکا لە عێراق دەردەکرێت، وتیشی: ئەمریکا بە کردنە ئامانجی ڕابەرانی بەرخۆدانی جەماوەریی عێراق و شوێنە گرینگەکان لە ھەوڵی ئەوەدایە شکستەکانی لە ناوچەکەدا قەرەبوو کاتەوە.

«شێخ ئەکرەم کەعبی» وێڕای ئاماژە کردن بە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارەتیی ئەمریکا وتی: ئەمریکا شەڕی ڕەھایەو سیاسەتە کۆڵۆنیالیستییەکەی بە ترەمپ و یان بایدێن ناگۆڕدرێت، بەڵام جەماوەری عێراق بەوپەڕی دەستەڵاتەوە ئامادە بوونی کۆڵۆنیالیستیانەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کۆتایی پێ دێنێت.

سەرپەیڤ