ئه‌یلوول 08, 2022 12:42 Asia/Tehran
  • وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران کرده‌وه‌ی دژه‌ ئێرانیی حکومه‌تی ئه‌لبانیی به‌ توندی ئیدانه‌ کرد

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وێڕای ڕەتکردنەوەی بانگەشە بێ بنەماکانی حکومەتی ئالبانیا له دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران،بڕیاری ئەو وڵاته بۆ پچڕاندنی پەیوەندییه سیاسییەکانی له گەڵ تاراندا له سەر ئەو جۆره بانگەشه بێ بنەمایانە به کردەوەیەکی بێ تەگبیرانەو بە دوور لە تێبینیی لە ڕووی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانەوە زانی.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو،«ئیدی راما» سەرۆک وەزیرانی ئالبانیا، بەم بانگەشەیەی کە ئێران لەم دواییانەدا هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر وڵاتەکەی ئەنجام داوە، هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران راگەیاند و داوای لە دیپلۆماتکارانی ئێرانیش کرد کە ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە کاردانەوە بە کردەوەی دژە ئێرانیی حکوومەتی ئالبانیا، جەختی لە هەڵوێستە پرەنسیپییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری کەشی ئەلیکترۆنی لە کۆڕبەندەکانی فرەلایەن و نێودەوڵەتی لە ئاراستەی داڕشتنی ڕێساکان و ڕێکخستنی ئەم بوارە کردەوەو پێی داگرت: کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک یەکێک لەو وڵاتانەی کە بەردەوام ئامانجی هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ژێرخانە گرینگەکانی بووە، هەر جۆرە بەکارهێنانێک لە کەشی ئەلیکترۆنی وەک ئامرازێک بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی گرینگی وڵاتانی دیکە ڕەتدەکاتەوە و ئیدانەی دەکات.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا، وێڕای ڕەتکرانەوەی ئەو بانگەشە نەسەلمێنراوەکانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جەخت لەوە کراوەتەوە کە جۆری کردار و ڕۆڵی لایەنی سێهەم لە ساختە کردنی ئەو بانگەشەگەلەی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، شوێنپەنجەی وڵاتانی پشتگری تیرۆر و ئاژاوەی پێوە دیارە.

لەم بەیاننامەیەدا بە ئاماژەدان بە جوڵانەوە میدیایی و سیاسییە ڕێکخراوەکان کە دەستبەجێ دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری حکومەتی ئەلبانیا ھاتوونەتە ئاراوە، جەخت لەوە کراوەتەوە  کە دەرکرانی خێڕای بەیاننامە لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاو هەروەها پێشوازیی گەرم و گوڕی میدیاکانی زایونی لەو بڕیارە ، ئاماژەیە بۆ بوونی پلانێکی پێشتر داڕێژراو لەمەڕ دروستکردنی کەشێکی سیاسی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران.

لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا، بە ئاماژەدان بە میوانداری کردنی گروپێکی تیرۆریستی  دیاری لە لایەن حکومەتی ئەلبانیا، باسی ئەوەش کراوە کە، لاوازیی تیرانا لە ھەمبەر لایەنی سێهەم و ئەو بڕیارە هەڵە و نەشیاوەی کە لە لایەن حکوومەتی ئەلبانییەوە دراوە، جێگەی داخە.

سەرپەیڤ