ئه‌یلوول 19, 2022 12:14 Asia/Tehran
  • ڕەییسی لە وتووێژێکدا لەگەڵ سی بی ئێس: ڕێککەوتن بەبێ گەرەنتی بێ مانایە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتی: لە بەر پابەند نەبوونی ئەمریکییەکان، ڕێککەوتنی بەبێ گەرەنتی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ مانایە.

«سه‌یید ئیبراهیم ڕه‌ییسی» سه‌رۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی له‌ وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی ٦٠ خوله‌کی کەناڵی «سی بی ئێس»ی ئه‌مریکی که‌ سه‌رله‌به‌یانیی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ بڵاوکرایه‌وه‌، وتی: ئێران سوورە لە سەر گه‌ییشتن به‌ ڕێککه‌وتنێکی باش و دادپه‌روه‌رانه‌، به‌ڵام دەبێت گەرەنتی لە ڕێککەوتنەکەدا هەبێت ھەتا ئەمریکا ناتوانێت لێی بکشێتەوە.

ڕەییسی وتیشی: ئەمریکییەکان پەیمانیان شکاند، کاتێک لایەنی بەرامبەر پابەندبوونی بەڵێنەکانی نەبێت ئیدی ڕێککەوتن بێ مانایە.

سه‌رۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی جه‌ختی لەوەش کردەوە که‌ ئێران ناتوانێ متمانه‌ به‌ ئه‌مریکا بکات چونکه‌ پێشتر تاقیی کردووه‌تەوە.

ڕه‌ییسی هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ به‌کارهێنانی ئاشتیانه‌ی وزه‌ی ئه‌تۆمی له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ وتی: وزه‌ی ئه‌تۆمی بۆ مه‌به‌ستی پزیشکی و کشتوکاڵ و نه‌وت و گاز به‌کاردێت.

سەرۆکی دەزگای جێبەجێکاری ئێران هەروەها لەمەڕ بانگەشەکانی ڕۆژاوا سەبارەت بە دروستکردنی بۆمبای ئەتۆمی وتی: ئەم بانگەشانە بێ بنەمان و کۆماری ئیسلامیی ئێران گەلێک جار ڕایگەیاندووە کە بۆمبای ئەتۆمی لە دکتۆرینی بەرگریکارانەی دا ھیچ جێگایەکی نییە.

ڕەییسی سەبارەت بە تیرۆری ترسنۆکانەی «ژەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی» فەرماندەی پێشووی لقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیش وتی: فەرمانی کوشتنی سەردار«سولەیمانی» لەلایەن حکومەتی بەرن و بە دیاریکراوی خودی «دۆناڵد ترەمپ»ەوە تاوانێکی نامرۆڤانە بوو.

سه‌رۆک کۆماری ئێران هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌بوون له‌ کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نه‌ته‌وه‌کان و ئه‌گه‌ری کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکاش ڕایگه‌یاند، حکومه‌تی ئێران هیچ بڕوایه‌کی به‌ دانوستان و کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا نییه‌ و به‌ بێ که‌ڵکی ده‌زانێت.

ڕەییسی هەروەها گەلی فەلەستینی بە گەلی سەرەکی و ڕەسەنی وڵاتی فەلەستین و بە کەسانێک زانی کە دەبێ لەوێ بژین و وتیشی: گەلی فەلەستین ڕاستییەکە، بەڵام ئێستا ئاوارەن و لە خاکی دایکی خۆیان ڕاوەدوونراون و ئەمریکاش پاڵپشتیی ئەو ڕژێمە ساختەیە دەکات.

سه‌رۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی جه‌ختی کرد که‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌ له‌ هه‌وڵی ئاسایی کردنی په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ ڕژێمی زایۆنی دان، له‌ تاوانه‌کانی ئه‌م ڕژێمه‌ داگیرکەرەدا هاوبه‌شن.

سەرپەیڤ