تشرینی دووه‌م 19, 2022 11:10 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوە: بێدەنگی لە بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکان لە ئێران جگە لە بەهێزکردنی تیرۆر هیچ دەرەنجامێکی دیکەی نییە

وەزارەتی دەرەوه له بەیاننامەیەکدا وێڕای ئیدانه کردنی کردەوه تێرۆریستییەکانی شارەکانی ئیزه ، ئەسفەهان و مەشهەد ، جەختی لەوە کردەوه کە : بێ گومان بێدەنگییە به ئەنقەستەکەی برەوپێدەرانی بیانیی ئاژاوەو توندوتیژی له ئێران له بەرامبەر ئاشکراترین ھەنگاوی تیرۆریستی لە چەند شارێکی ئێراندا ھیچ دەرەنجامێکی بێجگە لە هاندانی تیرۆریستان و بەهێزکردنی تیرۆر لە ئاستی جیھاندا لێ ناکەوێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، لە ڕاگەیەندراوی ئەمڕۆ شەممەی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا هاتووە: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نەتەوەی بەڕێزی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شاهیدی کردەوەی تاوانکارانەی کۆمەڵێک لە تیرۆریستانی بێ بەزەیی بەرامبەر بە هاووڵاتیانی بێتاوان و بەرگریکارانی ئاسایشی ئێران لە شارەکانی ئیزە، ئەسفەهان و مەشهەد بوون.

لەم بەیاننامەیەدا وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە ترسناکانەی کرد و سەرەخۆشی خۆی بۆ گەلی ئێران و بە تایبەت بنەماڵەی داخداری شەهیدان دەربڕی.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە دوژمنان و نەیارانی نیزامی پیرۆزی کۆماری ئیسلامی و نەتەوەی بە شەرەف و مەزنی ئێران، شوناسی دڕندانەی خۆیان لە پشت دەمامکی درۆینەی دڵسۆزی بۆ خەڵک و منداڵانی ئەم وڵاتە، دەشارنەوە.

وەزارەتی دەرەوە له بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووه ، له ڕوانگەی ڕێساو ڕێسا نێودەوڵەتییەکانەوه ، تیرۆر به هەر شێوەو لەھەرکات و شوێنێک ئیدانه دەکرێت و ئەرکی کۆمەڵگەی جیهانی و کۆمەڵه نێودەوڵەتییەکانە ھەتا بە ئیدانه کردنی کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییانە لە ئێران، ڕێگە نەدەن پەناگەیەکی ئارام بۆ ئەو ڕەوتە توندوتیژ و بێ بەزەییانە دروست ببێت کە مانەوەیان لە پەرەسەندنی نائارامی و ڕق و کینە و گرژی و ئاژاوە و پشێوی دا دەبیننەوە.

لەم بەیاننامەیەدا جەخت لەوەکراوەتەوە کەکۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی پێوەرەکانی مافی نێودەوڵەتی و ھاوتەریب لەگەڵ یاساوڕێساکان دا، مافی خۆی بۆ پێ و شوێن گرتنی مافەوانی و دادپەروەرییانەی کرداری تیرۆریستان و دەوڵەتەکانی داکۆکیکاریان بە پارێزراو دەزانێت.

سەرپەیڤ