شوبات 04, 2023 22:06 Asia/Tehran
  • «ئەمیر عەبدوڵڵاهیان» لە سێیەم وێستگەی گەشتەکەی بۆ ئەمریکای لاتین بەرەو کوبا وەڕێکەوت

وەزیری دەرەوەی ئێران دوای دیدار و وتووێژ له گەڵ کاربەدەستانی ڤەنزوئێلا، له سێهەمین وێستگەی گەشتەکەی بۆ ئەمریکای لاتین، کاراکاسی بە مەبەستی ھاوانای پایتەختی کوبا بەجێ ھێڵا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس، «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران پاش دیدارو وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ڤەنزوئێلا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە لە کاراکاسەوە بەرەو هاوانای پایتەختی کوبا وەڕێکەوت.

«ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» بڕیارە لە سەفەرەکەیدا بۆ کوبا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە کۆببێتەوە و تاوتوێ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات بکات.

بەرپرسی دەزگای دیپلۆماسیی ئێران کە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی سیاسی سەردانی ڤەنزوئێلای کردبوو، لەگەڵ «ئیڤان خیل پینتۆ» وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە، «نیکۆلاس مادۆرۆ» سەرۆک کۆمار، «تاریق ئەلعیسامی» وەزیری نەوت و جێگری سەرۆک کۆمار بۆ کاروباری ئابووری، «دێلسی ڕۆدریگێز» جێگری سەرۆک کۆمارو سەرۆکی پەرلەمانی ئەم وڵاتەش کۆبوونەوە و وتووێژی لەگەڵ کردن.

سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی ڤەنزوئێلا لە دیدارێکدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران سەلماندی کە دۆستێکی ڕاستەقینەی ڤەنزوئێلایە لە بارودۆخی سەخت و دژواردا.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها لە دیدار لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی ڤەنزوئێلا جەختی لە ئیرادەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پتەوتر کردنی پێوەندی لەگەڵ ڤەنزوئێلا لە هەموو بوارەکان و بێ هیچ بەرتەسکییەک کردەوە.

«تارق ئەلعیسامی»، جێگری سەرۆک کۆمار بۆ کاروباری ئابووری و وەزیری نەوتی ڤەنزوئێلاش، لە میانەی دیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، خواستی خۆی بۆ گواستنەوەی ئەو ئەزموونانە بۆ ڤەنزوئێلا و هاوکاری نزیکتر لە بواری نەوتدا دەربڕی.

«حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» پێشتر سەردانی مۆریتانی و نیکاراگوا کردبوو و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە کۆببووەوەو قسەی لەگەڵ کردبوون.

ئەمە یەکەم گەشتی «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» بۆ ئەمریکای لاتینە پاش وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوەی ئێران.

سەرپەیڤ