پێوشوێن گرتنی پاپۆڕی جەنگیی ڕووسیا لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی نزیک بەریتانیا
وەزارەتی بەرەڤانیی بەریتانیا ڕایگەیاند، کەشتیەکی ناسکردن و دوو پاپۆڕی ڕووسی لەلایەن هێزی دەریایی بەریتانیا لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی نزیک ئەو وڵاتە لە ڕۆژی جێژنی کریسمەس ڕاوەدوونرا.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی رۆیتەرز، گوین ڤیلیامسۆن وەزیری بەرگریی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا وتی: ئاستی چالاکیی هێزی دەریایی ڕووسیا لە ئاوەکانی نزیک ئەو وڵاتە لە ڕۆژانی پشووی سەری ساڵی نوێی زایینی زیادی کردووە.
ڤیلیامسۆن وتی: بەریتانیا لە بەرەڤانی لە ئاوەکانی هیچ شک و گومانی نابێ و هیچ دەسدرێژیەک تەحەمول ناکات.
کێشەی نێوان لەندەن و مۆسکۆ هەروا بەردەوامە.
بوریس جانسۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش لەدیدار لەگەڵ سێرگئی لاڤرۆف هاوشانە ڕووسەکەی، مۆسکۆی تۆمەتبارکرد بە دەسوەردان لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتانی دیکە.
مارک سدویل ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیاش حەوتەی ڕابردوو ئیدیعای کرد، ڕووسیا هەڕەشەیەکی مەترسیدارەو پێی خۆشە لە پڕووپاگەندەو هێرشی سایبری بۆ لاوازکردنی بەریتانیاو وڵاتانی دیکەی ئوروپایی کەڵک وەربگرێ.
ڕووسیا چەندین جار زەق کردنەوەی شتێک بەناوی"هەڕەشەی ڕووسیا" لەلایەن رۆژاواوە و ئیدیعاو بانگەشەکان لەمەڕ دەسوەردانی ئەو وڵاتە لەکاروباری ناوخۆی وڵاتانی ئوروپایی ڕەت کردۆتەوە.