عێراقچی: بانگەشەی میدیاکان لەبارەی نەرمی نواندن لەهەمبەر ئەمریکا رەت دەکەمەوە
وەزیری دەرەوەی ئێران بە ڕەت کردنەوەی بانگەشەی ژومارێک میدیای بیانی لەبارەی نەرمی نواندنی ئێران لەهەمبەر ئەمریکاو لەمەڕ پرسی ناڤۆکی، جەختی کرد: ئەو ئیدیعاو بانگەشانە، لەبنەڕەتڕا راست نین و من بەتوندی ڕەتیان دەکەمەوە.
سەید عەبباس عێراقچی وتی : شێلگیرانە ڕایدەگەیێنم کە هیچ گۆڕانێک لە هەڵوێستەکانی ئێراندا ڕووی نەداوەو شەرت و مەرجەکانمان بۆ کرانەوەی گەرووی هورمز و هەروەها هەڵوێستمان سەبارەت بە پرسەکانی دیکەش، ڕوون و ئاشکرایە. هیچ نەرمی و سازشێک لە ئێستادا ئەنجامی نەگرتووەو هیچ باسێکی دیکە جگە لە پێشنیازەکەی ئێمە، نەهاتووەتە ئاراوە.
عێراقچی وێڕای ئاماژە بە چاوپێکەوتنی لەگەڵ یەکێک لە نێوەندگرە قەتەرییەکان لە نیۆیۆرکیش وتی: لەو دیدارەدا باس و بابەتی پێویست باسکراو هیوادارین هەتا رۆژی سێ شەممە وەڵامی ئەمریکا لەڕێگەی ئەوانەوە، وەرگرین.
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها وتی: ئەو شێوازە لەڕابردووشدا هەبووەو ئەو پەیوەندیی و پەیامانەی نێوەندگرانی قەتەری و پاکستانی دەیانگواستنەوە، هەردەم هەبووەو ئێستاش بەسەرنجدان بەو پێشنیازەی ئێران خستوویەتییە بەردەست، لایەنێکی جیددیتری بەخۆوە گرتووەو ئەگەر وەڵامێک هەبێ، بەهەرحاڵ قەتەرییەکان، بەئێمەی ڕادەگەیێنن و بەگوێرەی وەڵامەکە لەتاران بڕیاردەدرێ.