دیمیستۆرا: ئەولەوییەت لە سووریا کۆتایی هێنان بە شەڕ و پێکدادانە
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری سووریا وتی: ئێستاکە ئەولەوییەت کۆتایی هێنان بە شەڕ و پێکدادان لە غوتەی ڕۆژهەڵات و ناوچەکانی دیکەی سووریایە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ڕۆیتێرز؛ "ستێفان دیمیستۆرا" ڕۆژی پێنجشەممە لە لێدوانێکدا لە بنکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ وتی: لایەنەکانی شەڕ و پێکدادان لە سووریا دەبێ کۆتایی بێنن بە گوللەباران کردنی ناوچەکانی بن کۆنترۆڵی یەکتری و ڕێگا بدەنە کاروانەکانی یارمەتی گەیەن تا بتوانن بێنە نێو غوتەی ڕۆژهەڵاتەوە.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری سووریا ڕاشکاوانە رایگەیاند: تەرکیزی ئێستای جیهان لە سەر باروودۆخی مرۆیی لە سووریایە و دەبێ ئەم پرۆسەی ئێش وئازار و کارەساتەی بە سەر خەڵکی مەدەنی لە غوتەی ڕۆژهەلات و ناوچەکانی دیکە دادەسەپێ، راگیردرێ.
دیمیستۆرا بە پێداگری لە سەر ڕێگاچارەی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا وتیشی: ئێستاکە خەڵکی ئەم وڵاتە خەریکن کوشت و بڕ دەکرێن هەر بۆیە ئەولەوییەت دەبێ واز هێنان لە شەڕ و پێکدادان بێ.
غوتەی ڕۆژهەڵات، ناوچەیەکی ستراتژیکی نزیکی دیمەشقی پێتەختی سووریایە کە سوپای ئەم وڵاتە هەوڵ دەدات لە بوونی تیرۆریستان پاکتاوی بکاتەوە.