ئەورووپا هەروا نائارامە؛ ناڕەزایەتییەکان گەیشتە بەلژیک و ئیتالیاش
https://kurdish.sahartv.ir/news/جیهان-i448146-ئەورووپا_هەروا_نائارامە_ناڕەزایەتییەکان_گەیشتە_بەلژیک_و_ئیتالیاش
شەپۆلی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەورووپا هەروا بەردەوامەو ئەمجارەیان گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکاران و گەنجان گەیشتە بەلژیک و ئیتالیا.
(last modified 2026-11-14T15:03:23+00:00 )
تشرینی دووه‌م 14, 2026 18:31 Asia/Tehran
  • ئەورووپا هەروا نائارامە؛ ناڕەزایەتییەکان گەیشتە بەلژیک و ئیتالیاش

شەپۆلی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەورووپا هەروا بەردەوامەو ئەمجارەیان گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکاران و گەنجان گەیشتە بەلژیک و ئیتالیا.

 

تەوەری سەرەکیی ئەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانەی لە بەلژیک و ئیتالیا بەڕێوەچوو، هەڵکشانی تێچووی ژیان، کێشەو گرفتی ئابووری، کەمکرانی یارمەتی و سوبسیدی خوێندن و نیگەرانی لە داهاتووی ئیشکردن و دامەزران و هەروەها گوزەرانی خەڵکە. خوێندکارانی زانکۆی ئازادی بروکسل لە بەلژیک، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە زیادکرانی پارەی خوێندن لە زانکۆکان و کەمکرانی بوودجەی خوێندن بەگشتی، گردبوونەوە. ناڕازییان وێڕای ڕەخنەگرتن لە زیادکرانی سەتی ٤٣ی پارەی ساڵانەی خوێندن لە زانکۆکان، ڕایانگەیاند، تێچووی خوێندن لە ٨٣٥ یۆرۆ بۆ هەزار و ١٩٤ یۆرۆ زیادی کردووە؛ زیادکردنێک کە کاریگەرە لەسەر پتر لە نیوەی خوێندکارانی ناوەندەکانی خوێندنی باڵا. خوێندکاران هەروەها ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر چوونەسەری تێچووی خوێندن و تەرخانکرانی بودجەی زەبەلاح بە کەرتی سەربازی و خوازیاری دەسڕاگەیشتنی هەمووان بە خوێندنی خۆڕایی و بەکوالیتی بوون. هاوکات لە ئیتالیاش خوێندکاران وگەنجان بە سازدانی گردبوونەوەو دانانی خێمەی ناڕەزایەتی لە زانکۆی ساپینزای ڕۆم، رەخنەیان گرت لە قەیرانی خانووبەرە، هەڵکشانی تێچووی ژیان و ناهێمنیی ئیشکردن و دامەزران. گەنجانی ئیتالی نیگەرانی ئەوەن بە بەردەوامبوونی قەتیسمانی مووچەکان، هەڵاوسان و چوونەسەری سەرسامکەری کرێماڵ، نەتوانن ببنە خاوەن خانووبەرە و نشینگەی شیاو و دەرفەتی دواڕۆژێکی سەقامگیر و پاوەجێ لەدەست بدەن. ئەو ناڕەزایەتییانە لەکاتێکدا درێژەی هەیە کە لەچەند حەفتەی ڕابردوودا، فەڕەنساو ئیسپانیاش شایەتی ناڕەزایەتی دەربڕینی هاوشێوەی گەنجان بوونە. چوونەسەری گوشاری ئابووری و کەمیی ئاسۆی ئیش و گوزەران، ناڕەزایەتیی نەوەی گەنجی کردووە بە یەکێ لە ئاستەنگ و کێشە جیدییەکانی بەردەم حکومەتە ئەوروپییەکان.