رۆژێک بۆ خەییام
https://kurdish.sahartv.ir/news/فەرهەنگی_هونەری_وەرزشی-i381066-رۆژێک_بۆ_خەییام
لە رۆژژمێری ئێرانی دا 17 ی ئایار ( 28 ی گوڵان ) رۆژی زانا و شاعیر و بلیمەتی گەورە ، حەکیم عومەر خەیامی نەیشابووریە .
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
May 17, 2020 09:55 Asia/Tehran
  • رۆژێک بۆ خەییام

لە رۆژژمێری ئێرانی دا 17 ی ئایار ( 28 ی گوڵان ) رۆژی زانا و شاعیر و بلیمەتی گەورە ، حەکیم عومەر خەیامی نەیشابووریە .

خەییام لە تافی گەنجیدا فەلسەفە و بیرکاری خوێند و بەرەبەرە پێی نایە زانستەکانی دیکەی سەردەمیش و تیایاندا شارەزا بوو . 

رۆژژمێری جەلالی کە تا ئەمڕۆش یەکێک لە وردبینانەترین رۆژژمێرەکانی جیھانە ، بە دەستی ئەم زانستوەرە ئێرانیە ئامادە کرا . 

بەھرە و توانایی زۆری خەییام وایکرد ئەو لە بوارەکانی دیکەی وەک کەلام ، فەلسەفە و وێژە و ئەدەبی فارسی و عەرەبی ش مامۆستا بێت .

لەم زانایە چەندین کورتە نامیلکە لە بوارەکانی وەک میکانیک ، ھیدرۆستاتیک ، کەشناسی ، بیردۆزی مۆسیقا و جەبر بەجێماوە . 

حەکیم عومەری خەییام ئەگەرچی زانستوەرێکی گەورە بوە بەڵام زیاتر بە ھۆی چوارینە فەلسەفییەکانی لە جیھاندا ناسراوە . 

چوارینەکانی خەییام بە زۆربەی زمانە زیندووەکانی جیھان تەرجەمە کراون و لە وێژە و ئەدەبی کوردی دا کەسانێکی وەک ھەژاری موکریانی ، شێخ سەلام و عەبدوڵڵا گۆران  چوارینەکانی خەییامیان کردووە بە کوردی .

خەییام بە کوردی بەرھەمی نەمر و جوانی ھەژاری موکریانی ، وەرگێڕانێکی ئازادە لە چوارینەکانی خەییام کە بە شێوەیەکی زۆر مامۆستایانە ئەنجام دراوە و تا ئێستاش لە ئەدەبی کوردی دا بۆ وەرگێڕانی چوارینەکانی خەییام بێ وێنە و دەگمەنە .  

چوار چوارینەی خەییام  لە وەرگێڕانی مامۆستا ھەژاری موکریانی :

...........................

تیرێژ کە بە ڕۆژ و پێل بە دەریا دریا

لەو ڕۆژەوە گوڵ پێکەنی، بولبول گریا

خوا نووسی لە چارەی ڕەشی ئێمەش بەشمان

ژینێکی ھەژاری پڕ لە خۆزیا و بریا

....

مەیگێڕ دەوەرە بەخێری چاوی کاڵت

دڵ تینووە جەرگم ڕەشە چەشنی خاڵت

وا تۆبە بەسەر یەکا شکا وەک پرچت

بۆم تێکە مەیەک لە ڕەنگی کوڵمی ئاڵت

....

ئەم گۆزە وەکوو من بووە، دڵدار و ھەژار

جارێکی دڵی خۆش بووە، سەدجار خەمبار

ئەو ھەنگڵ و دەسگرەی لە ملیا دیوتە

دەستێ بووە زۆر خراوەتە سەر ملی یار

....

لەم بێخەبەری خۆمە کەساس و ماتم

بێھوودە دەبوورێ، دەم و سات و کاتم

من ببم و نەبم جیھان وەکوو خۆی وایە

مەیگێڕ دەوەرە لێکی دەوە من بۆ ھاتم

....