وەزیری دەرەوەی قەتەر: ئێران تەنیا ڕێگای دابین کردنی دەرمان و خۆراک بۆ قەتەرە
وەزیری دەرەوەی قەتەر ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕێکخراوی "ئەمێریکەن ئیتێرپرایز" American Enterprise دا رایگەیاند: پاش ئەوەی وڵاتەکەمان لە لایەن عەرەبستان و هاوپەیمانەکانیەوە کەوتە بەر بایکۆت و گەمارۆ، کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا ڕێگای ئێمە بووە بۆ دابین کردنی دەرمان و خۆراک بۆ خەڵکی قەتەر.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەلعالەم؛ "محەممەد بن عەبدوڕەحمان ئالی سانی" Mohammed bin Abdulrahman Al Thani هەروەها پێی داگرت وڵاتاکەی ئامادەی بەشداری لە کۆبوونەوەکانی وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس و ئەمریکایە لە بەهاری داهاتوودا.
"خالد بن محممەد عەتییە" وەزیری بەرەڤانیی قەتەریش ئەمدواییە بایکۆتەکانی عەرەبستان وهاوپەیمانەکانی دژ بە "دۆحە"ی بە زاڵمانە زانی و وتی: پاش داسەپێندرانی ئەو بایکۆتانە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کردنەوەی ئاسمانی خۆی لە سەر گەشتە ئاسمانیەکانی قەتەر، یەکەم ڕێگای هەناسە کێشانی بۆ دۆحە کردەوە.
عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی (میسر، ئیمارات و بەحرەین) ، ٥ی ژوەنی ٢٠١٧ لە چەن بەیاننامەی جیاجیادا پچرانی پێوەندیی دیپلۆماتیکی خۆیان لەگەڵ قەتەریان ڕاگەیاند و قەتەریان تۆمەتبار کرد بەوەی کە هاوئاراستەی ڕەوتی عەرەبی بە ڕێبەرایەتیی ڕیاز نییە، هەربۆیە بایکۆتی ئابووری و سیاسیان بە سەر قەتەردا سەپاند و هەرەوها ڕێگای ئاسمان، دەریاو زەوینی خۆیان لە سەر دۆحە داخست.
ئەم چوار وڵاتە هەروەها ٢٣ی ژوەنی ٢٠١٧ لیستێکی ١٣ بڕگەیی لە داخوازەکانی خۆیان ڕادەستی قەتەر کرد و رایانگەیاند ئاسایی بوونەوەی پێوەندییەکانیان لەگەل دۆحە بەسراوەتەوە بەوەی کە قەتەر هەموو ئەو شەرت و مەرجانە بەجێ بێنێ.
گرینگترینی ئەو مەرجانەی کە عەرە بستان و هاوپەیمانەکانی بۆ قەتەریان دیاری کردووە پچڕانی پێوەندیی دیپلۆماسیی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئێران و حیزبوڵلا، داخستنی بە تەواوەتی کەناڵی ئەلجەزیرە و هەروەها هەڵگیرانی بنکەی سەربازیی تورکیا لە خاکی قەتەر بوو. دۆحە نەچووە ژێر باری ئەو شەرت و مەرجانەوە.