کانونی یه‌که‌م 25, 2025 17:02 Asia/Tehran
  • ئیدانەکرانی قسەکانی کاردیناڵی کلێسەی کاتۆلیک لەبارەی ئاسایی کرانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی زایۆنی

قسەکانی کاردیناڵی کلێسەی کاتۆلیکی عێراق لە یەکێ لە کلێسەکانی بەغدا سەبارەت بە ئاسایی کرانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی زایۆنیستی، بەرەوڕووی ڕەخنەی توندی خەڵک و بەرپرسانی عێراقی بۆوە.

قسەکانی لوئیس رافائێل ساکۆ کاردیناڵی کلێسەی کاتۆلیک لە عێراق لە ڕێوڕەسمی شەوی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا(ع) لە یەکێ لە کلێسەکانی بەغدا لەبارەی قەبووڵکردنی ئاسایی کرانەوەی پەیوەندیی لەگەڵ رژێمی زایۆنی، بەرەوڕووی کاردانەوەو شەرمەزارکرانی جیددی لەلایەن خەڵک و بەرپرسانی عێراقییەوە بوو.

"محەممەد شیاع سودانی"سەرۆک وەزیرانی عێراق وێڕای شەرمەزارکردنی قسەکانی کاردیناڵی کلێسەی کاتۆلیک لە عێراق وتی: عێراق بەهیچ لەونێک ئاسایی کرانەوەی پەیوەندیی لەگەڵ رژێمی زایۆنیستی کە سەرزەوینی فەلەستینیەکانی داگیرکردووەو حورمەتی خاک و مرۆڤی پێشێلکردووە، قەبووڵ ناکاو ووشەی ئاسایی کردنەوەو سازان لەگەڵ رژێمی زایۆنیستی لە قاموسی عێراقدا جێگەوشوێنی نیە.

سەیید موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدری عێراقیش وێڕای شەرمەزارکردنی قسەکانی کاردیناڵی کلێسەی کاتۆلیک لە عێراق پێی داگرت: ئاسایی کرانەوەی پەیوەندیی لەگەڵ رژێمی زایۆنی، تاوان بەئەژمار دێ کە یاسای عێراق سزای بۆ لەبەرچاو گرتووە.

"حەسەن سالم" پەرلەمانتاری پێشووی عێراق وتی: لوئیس ساکۆ و هەرکەس کە هاواری ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ رژێمی زایۆنی بەرز دەکاتەوەو یان لەگەڵیدایە، زمانی لاڵ و قوڕ بەسەری بێ، ئەو مەسەلە لەباری شەرعی و یاساییەوە حەڕامەو خەیانەت کردنە بە خوێنی شەهیدانی عێراقی. "ریان کلدانی" سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی بابلیۆن (هێزەکانی حەشدی شعبی لقی مەسیحییەکان لە عێراق) یش وێڕای ئیدانەکردنی هەرچەشنە باسێک لەبارەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ رژێمی زایۆنیستی وتی: ئێمە بەئاشکرا جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەرچەشنە هەڵوێست گرتنێک یان بیرو ڕا دەربڕینێک بۆ پاڵپشتی و یان برەوپێدانی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ رژێمی زایۆنیستی، پێشاندەری هەڵوێستی مەسیحییەکانی عێراق نییەو بەئاشکرا دژی دەستووری عێراقە. "ئیفان فایەق جابرۆ" وەزیری کۆچبەریی عێراقیش هەرچەشنە لێدوان یان هەڵوێست گرتن لەئاراستەی بانگهێشت بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ رژێمی زایۆنی شەرمەزارکردو پێی داگرت؛ حکومەت و گەلی عێراق مکوڕە لەسەر هەڵوێستی خۆی بۆ داکۆکی لە فەلەستینیەکان و بەپێی پرەنسیپە نیشتمانی و مرۆییەکان و پێبەندبوونی مێژوویی، نەیاری داگیرکەری و دەسدرێژکاریی رژێمی زایۆنیستییە.

سەرپەیڤ