ڕەخنەی دەزگەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین لە بڕیاری ئەمریکا بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەکەی بۆ قودسی داگیرکراو
سەرۆکایەتی دەزگەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین لەبەیاننامەیەکدا ڕەخنەی گرت لە بڕیاری ئەمریکا بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە تەلەبیب بۆ قودسی داگیرکراو.
بەپێی راپۆری ئاژانسی هەواڵیی رادیۆ وتەلەفزیۆن، دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین دوێنێ(هەینی) بەسەرۆکایەتی مەحموود عەبباس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بڕیاری ئەمریکا بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە تەلەبیب بۆ قودسی داگیرکراو، شەرعییەت بە رژیمی زایۆنی نابەخشێ.
پێشتر سائیب عەریقات سکرتێری لێژنەی کارگێڕیی ڕێکخراوی رزگاریدەری فەلەستین(ساف) و بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین(حەماس) یش بڕیاری ئەمریکا بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەی واشنگتۆن لە تەلەبیب بۆ قودسیان شەرمەزار کرد.
سەرباری نەیارەتییە ناوچەیی و جیهانییەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوێنێ هەینی ڕایگەیاند، باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە تەلەبیب بۆ قودسی داگیرکراو لە ١٤ی مای٢٠١٨ دەگوێزرێتەوە.
رۆژی١٤ی مای ڕێکەوتە لەگەڵ حەفتاهەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی رژیمی ساختەی زایۆنیستی کە فەلەستینیان وەک رۆژی نەگبەتی ناوی دەبەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەشی دیسەمبەری٢٠١٧ سەرباری نەیارەتییە بەرفراوانە ناوچەیی و جیهانییەکان ڕایگەیاند: ئەمریکا قودس وەک پایتەختی رژیمی زایۆنیستی بەڕەسمییەت دەناسێ. ترەمپ هەروەها داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد، پێشەکییەکانی گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلەبیب بۆ بەیتولموقەدەس خۆش بکات.
بەیتولموقەدەس لەساڵی١٩٦٧ وە لە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە.