نیسان 06, 2018 11:30 Asia/Tehran
  • رازی بوونی ئەمریکا بە فرۆشتنی چەک و کەرەستەی جەنگی بە عەرەبستان

لە درێژەی فرۆشرانی بە ملیاردان دۆلار چەک و کەرەستەی جەنگیی ئەمریکا بە عەرەبستان، واشینگین رازی بووە بە فرۆشرانی ١٨٠ سیستەمی تۆپخانەیی بە ڕیاز بە بایەخی ١.٣١ ملیار دۆلار.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسا؛ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە بە کاتی خۆجێی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک رایگەیاند کە ئەم وەزارەتخانەیە فرۆشتنی ئەم چەکانەی بە عەرەبستان پشت راست کردۆتەوە.

کۆنگرێسی ئەمریکا سێ ڕۆژ دەرفەتی هەیە کە فرۆشتنی ئەم چەک و کەرەستەی جەنگییە پشت ڕاست بکاتەوە و یان رەت بکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ماوەیەک لەمەوبەریش ئیزنی دا بە فرۆشرانی یەک ملیار دۆلار چەک و کەرەستەی جەنگی لەوان شەش هەزار و ٦٠٠ مووشەکی دژە تانکی تاق بە عەرەبستانی سەعوودی.

"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ساڵی رابردوویی زایینی لە سەفەریدا بۆ ڕیاز وتی کە عەرەبستان ١١٠ ملیار دۆلار چەک و کەرەستەی جەنگی لە ئەمریکا دەکڕێ.

هاوکاریی سەربازیی ئەمریکا و عەرەبستان نەیارانێکی سەرسەختی لە نێو خودی ئەمریکادا هەیە.

عەرەبستانی سەعوودی بە داکۆکیی ئەمریکا و هاوڕێ لەگەل ژمارێک وڵاتی دیکەی عەرەبی لە سێ ساڵ لەمەوبەرەوە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی سەرۆک کۆماری واز لە کارهێنانی یەمەن شەڕێکیان دژ بەم وڵاتە دەست پێ کردووە کە تەنیا دەسکەوتەکەی کوژرانی بە هەزاران شاروومەندی یەمەنی، ئاوارەیی سەدان هەزار کەسی دیکە و خاپوور بوون و تیاچوونی هەر هەموو ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە هەژار و نەدارە عەرەبیە.

 

سەرپەیڤ