وڵاتانی بایکۆتکەری قەتەر لە سەر مەرجەکانیان توندتر بوونەوە
وڵاتانی عەرەبستان، بەحرەین، میسرو میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان شەوی ھەینی لە سەر پێویستیی ڕاپەڕاندنی ھەر سیانزە مەرجەکانیان بۆ دەست پێکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ قەتەر دا پێیان داگرت.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، عادڵ جوبەیر، خالید بن ئەحمەد ئالی خەلیفە، سامح شوکری، وەزیرانی دەرەوەی عەرەبستان و بەحرەین و میسرو ئەنوەر قەرقاش وەزیری ڕاوێژکاری وڵاتی میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان بۆ کاروباری دەرەوە لە د انیشتنێکدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەب لە ڕیاز، ڕایانگەیاند: ڕاپەڕاندنی ئەم مەرجانە بناغەی سەرەکیی بوژاندنەوەو ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیانە لەگەڵ قەتەردا.
عەرەبستانی سەعودی، میسر، میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و بەحرەین لە پێنجەمی ژوئەنی 2017 ەوە لە بەر هاوتەریب نەبوونی دەوحە لەگەڵ ڕەوتی عەرەبی بە سەرکردایەتیی ڕیاز، دەوڵەتی قەتەریان بە پشتیوانی کردن لە تیرۆریزم تۆمەتبار کردو پەیوەندیی سیاسی و ئابووریی خۆیانیان لەگەڵ ئەم وڵاتە پچڕاند ئەم وڵاتانە هەروەها جیا لە داسەپاندنی بایکۆت بە سەر ئەم وڵاتەدا، سنوورەکانی زەوی و دەریاو ئاسمانی خۆشیان لە ڕووی داخستووە. ئەمەش لەحاڵێکدایە کە قەتەر بەردەوام بوختانەکانی ئەو وڵاتانەی ڕەت کردووەتەوە .
عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی پێڕستێکی داخوازییەکانیان لە ڕێگای کوەیتەوە کردووە بە مەرجی دەست پێ کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوحە. لەو داخوازییانەی وڵاتانی بایکۆتکەری قەتەر داخستنی کەناڵی هەواڵیی ئەلجەزیرە، پێچانەوەی بنکەی سەربازیی تورکیا لە قەتەر، ڕاگیرانی هاوکاریی سەربازیی ئانکارا لەگەڵ دەوحە، دابەزاندنی ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ تاران، پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ ئێخوانولموسلمین و حیزبوڵڵای لوبنان و خۆیان وتەنی نەمانی پەیوەندی لەگەڵ تاقمە تیرۆریستییەکانە. دەوحە ھەتاکو ئێستا ئەو داخوازییانەی ڕەت کردووەتەوە.
جێگای ئاماژەیە دوای گەشتەکەی مانگی مای 2017 دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ عەرەبستان و واژۆ کرانی پەیماننامەیەکی چەکەمەنیانە لە نێوان واشێنگتۆن و ریاز و هەروەها لێدوانەکەی ترەمپ لە دانیشتنەکەی ڕیاز دا، ناکۆکیی نێوان قەتەرو عەرەبستان و وڵاتە عەرەبییەکانی دیکە ئاشکرا بوو.