قەتەر: کڕینی سیستەمی بەرگریی مووشەکی پەیوەندی بە سعوودیاوە نیە
وەزیری دەرەوەی قەتەر، کڕینی سیستەمی بەرگریی مووشەکی"ئێس٤٠٠" لەڕووسیای بە پرسێکی دەسەڵاتدارەتی ناوبردو وتی : ئەو بابەتە هیچ پەیوەندیەکی بە سعوودیا یان هیچ وڵاتێکی دیکەوە نیە.
بەپێی ڕاپۆری ئەمرۆ سێ شەممەی هەواڵدەریی ئیرنا؛ "مەحەممەد بن عەبدوڕەحمان ئالی سانی" وەزیری دەرەوەی قەتەر ئەو لێدوانانەی لەکاردانەوە بە نامەی"سەلمان بن عەبدولعەزیز" شای عەرەبستان بۆ "ئێمانۆئێل مەکرۆن" سەرۆک کۆماری فەڕانسە پێشاندا کە لەو نامەدا، شای عەرەبستان نووسیبووی بێتوو قەتەر بە سیستەمی بەرگریی مووشەکیی ئێس ٤٠٠ تەیاربکرێ، هێرشی سەربازی دەکاتە سەر ئەو وڵاتە.
هاوکات"موجتەهید" چالاکوانی سیاسی ناوداری سەعوودی دوێنێ دووشەممە رایگەیاند، بڕێک جم و جۆڵی سەربازی دەکرێ لەلایەن عەرەبستانەوە لە سنووری لەگەڵ قەتەردا .
عەرەبستان، ئیمارات ، بەحرەین و میسر لە پێنجی ژۆئەنی٢٠١٧ـەوە لەبەر هاوڕەوت نەبوونی دۆحە لەگەڵ ڕەوتی عەرەبی بەسەرکردایەتی ڕیاز، قەتەری بەداکۆکی کردن لە تیرۆریزم تۆمەتبار کردو پەیوەندییە دیپلۆماتیکییەکانیان لەگەڵ دۆحە پچڕاند. ئەو وڵاتانە هەروەها سنوورە زەوینی، دەریایی و ئاسمانییەکانیان لەگەڵ قەتەر داخست.