بنەماڵەی خاشقچی ھەرچەشنە سازان و سەودایەکیان لەگەڵ دەوڵەتی ڕیاز ڕەت کردەوە
بنەماڵەی ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگرە کوژراوەکەی نەیاری ڕژێمی سەعودی، داوای سزادانی ھۆکارانی کوشتنی ناوبراویان کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی هەواڵدەریی ئیرنا،بنەماڵەی «جەمال خاشقچی» ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگرە کوژراوەکەی نەیاری ڕژێمی سەعودی وێڕای ڕەت کردنەوەی ھەرچەشنە سازان و سەودایەک لە گەڵ دەوڵەتی عەرەبستان، داوایان کرد تەواوی ئەو کەسانەی کە زانیارییان لە بارەی چۆنیەتیی کوژرانی «جەمال خاشقچی» پێیە ڕادەستی دادگای بکەن.
ڕۆژنامەی ئەمریکیی «واشێنگتۆن پۆست» لەم دواییەدا لە ڕاپۆرتێکدا بە گێڕانەوە لە کاربەدەستانی سەعودی و دۆستانی بنەماڵەیی ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگرە کوژراوەکەی عەرەبستان، نووسیویەتی: ڕژێمی سەعودی بۆ قەرەبوو کردنەوەی کوشتنی خاشقچی، ھێندێک ماڵی بە بایی چەندین ملوێن دۆلارو ھەروەھا موچەیەکی مانگانەی بۆ منداڵەکانی ڕەچاو کردووە.
«جەماڵ خاشقچی» ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگرو نەیاری ڕژێمی سەعوودی دووی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ پاش چوونە نێو کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەموڵی تورکیا بێ سەر و شوێن کراو دواتر ڕژێمی سەعودی ڕۆژی ھەینی ١٩ی ئۆکتۆبەر ٢٠١٨ دوای ١٨ ڕۆژ بێ دەنگە لێکردن و بەدرۆ خستنەوە، سەرەنجام لە ژێر گوشاری کۆمەڵگای جیھانی دا ئەوەی پشتراست کردەوە کە خاشقچی لە کونسولخانەی ئەم وڵاتە لە ئەستەموڵی تورکیادا کوژراوە.
ناوی "جەماڵ خاشقچی" ڕۆژنامەوانی ڕەخنەگرو نەیاری ڕژێمی سەعوودی، لە لیستی کەسانی پێ و شوێنگیراوی کاربەدەستانی ڕیازدا بووە و ھەر لە بەر ئەمەش لە ترسی گیران و لەبەند کران، لە دەروەی عەرەبستاندا دەژیا.
لەم پەیوەندییەدا ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەییش لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە ھەواڵی کوژرانی خاشقچی ڕایگەیاند: کوژرانی جەمال خاشقچی بەم واتایەیە کە ڕەخنەگران تەنانەت لە دەرەوەی عەرەبستانیش لە ئەماندا نین.