ئادار 18, 2023 13:26 Asia/Tehran
  • داخوازیی عەرەبستان لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ بەرنگار بوونەوەی کردەوەکانی ڕژێمی زایۆنی

وەزیری دەرەوەی عەرەبستان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە ڕێگر بن لە بەردەم کردەوەکانی ڕژێمی ئیسرائیل لە سەرزەوییە داگیرکراوەکان.

بە پێی ڕاپۆرتی ئەلجەزیرە، «فەیسەڵ بن فەرحان» وەزیری دەرەوەی عەرەبستان جەختی لە هاودەنگی بەرامبەر بە کردەوەکانی ڕژێمی زایۆنی کردەوە و ڕایگەیاند کە عەرەبستان جارێکی دیکە جەخت لەسەر مافی فەلەستینییەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دەکاتەوە.

بن فەرحان هەروەها ئاماژەی بە ڕێککەوتنی ڕیاز و تاران کرد و ڕایگەیاند، هەردوولا لەسەر ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و دراوسێیەتی باش و چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان ڕێککەوتوون.

وەزیری دەرەوەی عەرەبستان هیوای خواست کە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ببێتە هۆی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەی کەنداوی فارس.

کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستان ڕۆژی هەینی حەوتەمی مارس لە پەکینی پایتەختی چین لە سەر ئەوە ڕێککەوتن کە پاش حەوت ساڵ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان ببووژێننەوە.

بەگوێرەی ڕێککەوتنی تاران و ڕیاز، وەزیرانی کاروباری دەرەوەی ئێران و عەرەبستان وێڕای چاوپێکەوتنی یەکتر ئەوپەڕی لە ماوەی دوو مانگدا بەستێن بۆ گۆڕینەوەی باڵوێزەکان و کردنەوەی باڵوێزخانە و هەروەها ڕاپەڕاندنی مەرجەکانی دیکەش بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان خۆش دەکەن.

عەرەبستان ڕۆژی ٣ی ژانویەی ٢٠١٦، بە بیانووی هێرشکردنە سەر باڵوێزخانە و کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە تاران و مەشهەد، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند.

سەرپەیڤ