بەردەوامیی پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر باشووری لوبنان
سوپای ڕژێمی زایۆنی لە درێژەی بنپێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەس، ناوچەگەلێک لە باشووری لوبنانی دایە بەر هێرشی ئاسمانی و ژمارێک ماڵی تەقاندەوە و ئاوری تێبەردان.
هێزەکانی ڕژێمی زایۆنی چەن ماڵ و باڵاخانەیان لە شارۆچکەکانی مەجدەل زۆن و ئەلمەنسووری و دۆڵەکانی دەوروبەر تەقاندەوە و ئاوریان تێبەردان. هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنیش دووجار شارۆچکەی ئەلمەنسوورییان کردە ئامانج و دەنگی چەن تەقینەوەیش لە شاری سەور بیسترا. ئەم هێرشانە لە کاتێکدا بەردەوامن کە نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، بە ڕەتکردنەوەی پاساوەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ وێرانکردنی گوند و شارەکانی باشووری لوبنان، جەختی لەوە کردەوە کە بانگەشەی ئەوەی کە تەواوی گوندەکان دامەزراوەی سەربازیی حزبوڵڵای لوبنانن، لەگەڵ هیچ لۆژیکێکدا ناگونجێت و پێشێلکارییەکی جددیی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان. نەواف سەلام وتیشی: ڕژێمی زایۆنی بەردەوامە لە هێرشکردن و هاتنە ناو ناوچەکانی باشوور و وێرانکردنی ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی ئابووری و باڵەخانە حکومییەکان و پەرستگە و پیرۆزگەکانمان. سوپای لوبنانیش ڕایگەیاند کە درێژەی پەلامارکانی ڕژێمی زایۆنی بووەتە ئاستەنگ لە سەر ڕێگای جێگیرکردنی هێزەکانی سوپای لوبنان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان. سوپای لوبنان هەروەها باسی تەقینەوەی دامەزراوە مەدەنییەکان و ماڵی خەڵکی ئاسایی لە شارۆچکەی "زەوتەری شەرقی"ی سەر بە پارێزگای نەبەتییەی کرد و ئەم کردەوانەی بە درێژەی سیاسەتی تێکدەرانەی ڕژێمی زایۆنی بۆ گەیاندنی گەورەترین زیان بە ناوچەکانی باشوور و پێشگرتن لە دامەزرانی سەقام و ئارامی لەم ناوچەیەدا زانی.