نیسان 29, 2022 23:11 Asia/Tehran
  • ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی: تێکڕای فەلەستین بووەتە گۆڕەپانی خۆڕاگری

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وتی : تێکڕای فەلەستین بووەتە گۆڕەپانی خۆڕاگری و تەواوی پیلانەکانی دوژمنی زایونی پوچەڵ بووەتەوە.

ئەمڕۆ ھەینی ٢٩ی ئاپریلی ٢٠٢٢ ڕێککەوت لەگەڵ نۆھەمی بانەمەڕ و ٢٧ی ڕەمەزانی ساڵی ١٤٤٣ ی کۆچیی مانگی ڕۆژی جیھانیی قودسە.

دوایین ھەینیی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لە سەر دەستپێشخەریی ئیمام خومەینی(رە) دامەزرێنەری مەزنی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک ڕۆژی جیھانیی قودس ناودێری کراوە ھەتا موسڵمانانی سەرتاسەری جیھان ڕق و بێزاریی خۆیان لە سیاسەتەکانی ڕەگەزپەرستانەی ڕژێمی زایونی رابگەیەنن.

ڕێپێوانی «ڕۆژی جیھانیی قودس» 

بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئەمڕۆ ھەینی لە وتاردانی تەلەفزیۆنیی خۆی دا بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی قودسەوە ، وێڕای ئاماژە کردن بە نیشانەکانی ھیوابەخشی بوونی داھاتوویەکی جیاواز بە قازانجی گەلی فەلەستین، لەوانە پەرەسەندنێی گۆڕەپانی خۆڕاگری بەرەو تێکڕای فەلەستین و ئینجا لە بەرامبەردا لاواز بوونی ڕژێمی داگیرکەرو لایەنگرە سەرەکییەکەی واتە ئەمریکا، ڕووداوەکانی ساڵانی ئەم دواییەی قەلەستینی بە واتای پوچەڵ بوونەوەی تەواوی گەڵاڵەکانی سازان لەگەڵ ڕژێمی زایونی زانی و وێڕای وەبیرھێنانەوەی بەرەکەتە ناوازەکانی دیاردەی خۆڕاگری لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، پێی داگرت: بەس بە ھێزی خۆڕاگری دەکرێ کێشەکانی جیھانی ئیسلام و لە سەرەوەی ھەموویانەوە کێشەی فەلەستین چارەسەر بکرێت.

فەرمایشەکانی مەقامی مەزنی رێبەری بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی قودس

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وێڕای پێداگری لە سەر ئەم ڕاستییەی کە ھەتا ڕژێمی داگیرکەرو تاوانکاری زایونی بەسەر قودس دا زاڵە، دەبێ تەواوی ڕۆژەکانی ساڵ بە ڕۆژی قودس بزانین، وتیشی: قودسی پیرۆز دڵی فەلەستینەو سەرتاسەری ئەو وڵاتە داگیڕکراوەش لە دەریاوە ھەتا چۆم ھەر درێژەی قودسە.

بەڕێزی وێڕای ستایش کردنی خۆڕاگری وبوێریی دەگمەنی گەلی فەلەستین، ھەڵمەتی خۆبەختکارانەی لاوانی فەلەستینی بە ھۆکاری پێکھاتنی قەڵغانێکی بەرگری بۆ فەلەستین و مزگێنی دەری داھاتوویەکی جیاواز زانی و بۆ دەستنیشان کردنی ئەو ھاوکێشە تازەیەی کە ئەمڕۆو سبەینێی فەلەستین دەگۆڕێت، وتی: ئەمڕۆکە «ویستی لەشکست نەھاتوو» لە فەلەستین و تێکڕای ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا جێگای «سوپای لە شکست نەھاتوو»ی زایونیی گرتووەتەوە و ئەو سوپا دڕندەیە ناچار بووە فۆرمی  ھێرشکەرانەی بۆ بەرگریکەرانە بگۆڕێت.

حەزرەتی ئایەتوڵڵاعوزما خامەنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە درێژەدا ئاماژەی کردە نمونەگەلی ئاشکرای پەرەسەندنی خۆڕاگری لە سەرتاسەری فەلەستین، لەوانە چالاکیی ئوردوگای جنین کە زایونییەکانی مارەنگاز کردووە، داخوازیی سەدی ٧٠ی فەلەستینییەکان بۆ ھێرشی سەربازی بۆ سەر ڕژێمی داگیرکەر، جوڵانەوەی جیھادیی جەماوەری فەلەستین لە بەشەکانی باشووری و باکووریی سەرزەوییەکانی ١٩٤٨ ، ڕێپێوانە قورسەکان لە ئۆردۆن و قودسی ڕۆژھەڵاتی، بەرگریی بوێرانەی لاوانی فەلەستینی لە مزگەوتی ئەقساو مەشقی سەربازی لە غەززە، پێی داگرت:  تێکڕای فەلەستین بووەتە گۆڕەپانی خۆڕاگری و خەڵکی فەلەستین لە سەر بەردەوام کرانی جیھاد ھاوبیروڕان. ئەم دیاردە گرینگانەش بە واتای خۆسازدانی تۆکمەوتەواوی فەلەستینییەکان بۆ بەرنگار بوونەوەی ڕژێمی داگیرکەرەو دەستی ڕێکخراوە خەباتکارەکان ئاوەڵا دەکات ھەتا ھەرکاتێک بە پێویستیان زانی بێنە مەیدانەوە.

بەڕێزی پەیامی گرینگی ئەم ڕووداوانەو ئەوەی وا لە ماوەی ئەم ساڵانەی دوایی دا لە فەلەستین دا قەوماوە،پوچەڵ بوونەوەی تەواوی  گەڵاڵەکانی سازان لەگەڵ دوژمنی زایونی زانی و وتی: ھیچ گەڵاڵەیەک لە بارەی فەلەستینەوە لە پێوارو یان بە پێچەوانەی بۆچوونی خاوەنە سەرەکییەکانی واتە فەلەستینییەکان سەر ناگرێ و ئەمەش بەو واتایەیە کە تەواوی ڕێککەوتنەکانی بەرلەمە لەوانە ئۆسلۆ یان گەڵاڵەی عەرەبیی دوو دەوڵەت ، یان سەودای سەدە، یاحود ئاسایی کردنەوە پڕلە سوکایەتییەکانی ئەم دواییە بەتاڵ بووەتەوە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵاعوزما خامەنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی وێڕای ئاماژە کردن بە بەردەوامیی ھەموو جۆرە دڕندایەتییەکی ڕژێمی زایونی سەرباری لەبڕست کەوتنی، وتیشی: درۆزنەکانی بانگەشەکەری مافی مرۆڤ لە ئەورووپاو ئەمریکا کە لە پرسی ئۆکرانیا ئەو ھەموو ھەراوھوریایەیان وەڕێ خست، لە ھەمبەر ئەو ھەموو تاوان و دڕندایەتییەی کە لە فەلەستین دا بەدی دەکرێت بێ دەنگەیان لێ کردووەو داکۆکی لە چەوساوە ناکەن، بەڵکو یارمەتیی گورگە خوێنمژەکەش دەدەن.

بەڕێزی وانەیەکی گەورەی کە دەبێ لەو ھەڵس و کەوتە دووفاقانەیەی ھێزە ڕەگەزپەرستەکانی ڕۆژئاوا لە بەرچاو بگیردرێت بۆ خۆبواردن لە ھەرچەشنە پشت بەستنێک بەوانە گەڕاندەوەو پێی داگرت: تەنیا بە ھێزی خۆڕاگرتنی سەرچاوەگرتوو لە فێرکارییەکانی قورئانی پیرۆزو حوکمەکانی ئیسلامی خۆشەویستە کە دەکرێ پرسەکانی دنیای ئیسلام و لە سەرەوەی ھەموویانەوە کێشەی فەلەستین چارەسەر بکرێت.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی پێکھاتنی خۆڕاگری لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیای بە پڕبەرەکەت ترین دیاردەی ئەم ناوچەیە زانی و وتیشی: ئەوە قەبارەی خۆڕاگری بوو کە بەشە داگیرکراوەکانی لوبنانی لە بوونی چەڵەڵی زایونییەکان پاک کردەوە، عێراقی لە قوڕگی ئەمریکا دەرھێناو لە شەڕی داعش ڕایپسکاند، بەرگریکارانی سووریی لە ئاستی نەخشەو پیلانی ئەمریکا یارمەتی دا، بەرنگاری تیرۆریزمی نێونەتەوەیی دەبێتەوە، پشتگری لە جەماوەری خۆڕاگری یەمەن دەکات لەو شەڕەی کە بە سەریاندا سەپێندراوە، بە تێگیران لەگەڵ بوونی داگیرکەرانەی زایونیزم بە یارمەتیی خودا بە چۆکی دا دێنێ و بە ھەوڵی خەباتکارانە کێشەی قودس و فەلەستین ڕۆژلەدوای ڕۆژ لای بیروڕای جیھان زەقتترو بەرچاوتر دەکات.

سەرپەیڤ