سێ بژاردەی بەردەم بەغداو ھەولێر بۆ گەییشتن بە ڕێککەوتن
لە ئاراستەی گەییشتن بە ڕێککەوتن لە سەر پرۆژەیاسای بوجەی ساڵی ٢٠٢٠ و ھەروەھا پرسی نەوت، ھەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق سێ بژاردەیان لە بەردەم دایەو دەبێ لە سەر یەکێکیان ڕێککەوتن.
بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، کەناڵی کوردستان ٢٤ی سەربە مەسروربارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا بژاردەکانی بەردەم ھەولێرو بەغدای بۆ گەییشتن بە ڕێککەوتن لە سەر بوجەو نەوت تاوتوێ کردووە کە بە گوێرەیەوە، ئەندامانی لێژنەکانی نەوت و سامانە سروشتییەکان و دارایی لە پەرلەمانەکانی عێراق و ھەرێم کۆبوونەوەیەکیان لە ئاراستەی ئامادە کردنی پرۆژەیاسای بوجەی ٢٠٢٠ی عێراق بەڕێوە بردووە.
شێرکۆ جەودهت، ئەندامى لیژنەکانى دارایى و کاروباری ئابوورى و پیشە سازى و وزە و سامانە سروشتییەکان لهپهرلهمانی کوردستان، وتوویەتی: بژاردەی یەکەممان بۆ ڕێککەوتن ڕادەست کردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە لایەن ھەرێمی کوردستانەوە بە دەوڵەتی ناوەندی و دیاری کردنی پشکی ھەرێمە لە بوجەی ساڵانەی عێراق.
ناوبراو بژاردەی دووھەمیشی ئاوا شی کردەوەو وتی: دەوڵەتی ھەرێمی کوردستان ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا دەکات و لە بەرامبەردا قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان لە لایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە دەبژێردرێت.
ئەم ئەندامەى لیژنەکانى دارایى و کاروباری ئابوورى و پیشە سازى و وزە و سامانە سروشتییەکانی پهرلهمانی کوردستان، ئاماژەی کردە بژاردەی سێھەمیش بۆ ڕێککەوتنی نێوان ھەولێرو بەغداو وتیشی: ئەم دۆخەی ئێستا ھەروا دەمێنێتەوە، واتە یاسای بوجەی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق ھەروەکو ساڵی ٢٠١٩ ئامادە دەکرێت و پرسی نەوت و بەشەبوجەی ھەرێم و موچەی فەرمانبەران و کارمەندان ھەروەک ساڵی ڕابردوو دیاری دەکرێت.
پەسەند کرانی پرۆژەیاسای بوجەی ٢٠٢٠ بووەتە ھۆی ئەوەی کە دەوڵەتی ناوەندیی بەغداو حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گەییشتن بە ڕێککەوتن و چارەسەریی کێشەو ناکۆکییەکانیان پەلە بکەن.