ئێران دوو خاڵی سنووریی ھاوبەش لەگەڵ ھەڵەبجە بە فەرمی دەناسێت
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i369521-ئێران_دوو_خاڵی_سنووریی_ھاوبەش_لەگەڵ_ھەڵەبجە_بە_فەرمی_دەناسێت
لە دیداری پارێزگاری کرماشان و شاندەکەی یاوەری لەگەڵ وەزیری ئەوقافی ھەرێمی کوردستان، پارێزگارو قایم قامی ھەڵەبجە باسی ئەوە کراوە کە ئێران دوو خاڵی سنووریی ھاوبەش لەگەڵ ھەڵەبجە بە فەرمی دەناسێت.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
تشرینی یه‌که‌م 03, 2019 11:08 Asia/Tehran
  • ئێران دوو خاڵی سنووریی ھاوبەش لەگەڵ ھەڵەبجە بە فەرمی دەناسێت

لە دیداری پارێزگاری کرماشان و شاندەکەی یاوەری لەگەڵ وەزیری ئەوقافی ھەرێمی کوردستان، پارێزگارو قایم قامی ھەڵەبجە باسی ئەوە کراوە کە ئێران دوو خاڵی سنووریی ھاوبەش لەگەڵ ھەڵەبجە بە فەرمی دەناسێت.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشەممە شاندێکى پارێزگاى کرماشان بە سەرۆکایەتیی ھوشەنگی بازوەندی پارێزگار سەردانى پارێزگاى هەڵەبجەی ھەرێمی کوردستانیان کردو لەگەڵ کاربەدەستانی ھەرێم و ئەم پارێزگایەدا لەوانە وەزیری ئەوقافی کوردستانی عێراق، ئازاد تۆفیق پارێزگاری ھەڵەبجە، نوخشە ناسح قایم قامی ھەڵەبجەو شاندێکی عێراقی دیداری کرد.

شاندەکەی کرماشان و کاربەدەستانی ھەرێم، دواتر لە کۆنفڕانسێکى رۆژنامەنووسیدا باسیان لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و جموجۆڵى بازرگانیى هەردوولا کرد بە تایبەت لە ڕووی پەیوەندیی بازرگانی و ئابوورییەوە.

ئازاد تۆفیق پارێزگارى هەڵەبجە رایگەیاند، شاندەکەى پارێزگاى کرماشان سەردانى هەڵەبەجەیان کردووەو لەسەر چەند پرسێک قسەیان کردووە و بەتایبەت کردنەوەى چەند خاڵێکى سنوورى لەنێوان هەردوولا، هەروەها گفتوگۆیان لەسەر ئەو یاداشتە کردووە و جەخت لەسەر جێبەجێکردنى کرایەوە کە لە ماوەى پیشوودا لەنێوان هەردوولا رێککەوتوون لەسەرى.

پارێزگارى هەڵەبجە ڕوونی کردەوە، باسیان لەوەش کردووە کە ئەو خاڵە سنوورییانە بۆ هاتووچۆى هاووڵاتییان بکرێنەوە و حکوومەتى عێراق و هەرێم پێویستە لەم رووەوە کار بۆ ناساندنى ئەو سنوورانە بکەن.

لاى خۆیەوە ھوشەنگ بازوەند پارێزگارى کرماشانیش رایگەیاند، لە سەردانى پیشووى پارێزگارى هەڵەبجە بۆ کرماشان لێکتێگەیشتنێکى ١٦ خاڵیمان داڕشت، ئەمرۆ هاتووین بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنى ئەو لێکتێگەیشتنە بکەین لەلایەن هەردوولاوە.

پارێزگارى کرماشان ئاشکراشى کرد، کە ئەنجومەنى وەزیرانى ئێران هەردوو مەرزى "شوشمێ، پشتە"ى بە فەرمى ناساندووە بۆ هاتوچۆکردنى هاووڵاتییانى هەردوولا.

پارێزگارى کرماشان هەروەها باسى لەوەش کرد، ئەگەر بە فەرمى ناساندنى ئەو دوو مەرزە درێژە بکێشێت ئەوا پێویستە رێوشوێنێکى تر بگرنە بەر تا هاتوچۆکردنى هاووڵاتییان بەردەوام بێت.