پڕۆفیسۆر دکتۆر عززەدین موستەفا ڕەسوڵ ماڵاوایی لە قەڵەمەکەی کرد
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i369534-پڕۆفیسۆر_دکتۆر_عززەدین_موستەفا_ڕەسوڵ_ماڵاوایی_لە_قەڵەمەکەی_کرد
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە وێژەوان و نووسەرو لێکۆڵەری کورد پڕۆفیسۆر عززەدین موستەفا ڕەسوڵ لە تەمەنی ھەشتاو پێنج ساڵی دا کۆچی دوایی کرد.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
تشرینی یه‌که‌م 03, 2019 13:09 Asia/Tehran
  • پڕۆفیسۆر دکتۆر عززەدین موستەفا ڕەسوڵ ماڵاوایی لە قەڵەمەکەی کرد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە وێژەوان و نووسەرو لێکۆڵەری کورد پڕۆفیسۆر عززەدین موستەفا ڕەسوڵ لە تەمەنی ھەشتاو پێنج ساڵی دا کۆچی دوایی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانەوە، پڕۆفیسۆر عزەدین موستەفا رەسوڵ نووسەر و لێکۆڵەری ناودارو لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نووسەرانی کورد کە بە کۆڵەکەی مێژووی ئەدەبی کوردستان ناو دەبرێت، کۆچی دوایی کرد.

دکتۆر عزەدین کوڕی مەلا موستەفای سەفوەت کوڕی حاجی مەلا ڕەسووڵی دێلێژەیە، بەڕێزی ساڵی ١٩٣٤ لە گەڕەکی دەرگەزێن لە شاری سلێمانی لەناو خێزانێکی خوێندەوار لەدایک بووە. ئەم ڕۆشنبیرە ناودارەی کورد وەک ھەر بەھرەمەندێکی دیکەی کورد سەرەتا لە مزگەوتی حاجی مەلا ڕەسوڵی دێلێژە لای باوکی خوێندوویەتی، ساڵی ١٩٣٩ وەک گوێگر لە قوتابخانەی غازی وەرگیراوە، پاش نیوەی ساڵ بەهۆی ئەوەی کە خوێندکارێکی وریا بووە، کراوە بە خوێندکار و سەری ساڵیش بە یەکەم دەرچووە.

بەڕێزی دوای چوونی بۆ بەغدا، بووەتە خوێندکاری کۆلێژی شەریعەت، بەڵام بەهۆی تێکەڵبوونی بە کاری سیاسییەوە، ساڵی یەکەمی شەریعەتی پێ تەواو نەکراوە و لە کۆلێژ دەرکراوە، ساڵی دواتر چووەتە پۆلی چوارەمی بەشی زانستیی لە سلێمانی و دەستی بە خوێندن کردووەتەوە، پۆلی پێنجەمی لە بەشی ئەدەبی کە تازە لە سلێمانی کراوەتەوە تەواو کردووە و دواتر چووەتەوە بۆ بەغدا.

خوالێخۆشبوو پاش ماوەیەک بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن چووە بۆ وڵاتی سۆڤیەت و دوای تەواوکردنی زمان، لەگەڵ کەمال مەزهەر و نەسرین فەخریدا چووەتە باکۆ، ئینجا ٢٤ی حوزەیرانی ١٩٦٣ بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرتووە و پاشان لە درێژەی چالاکییە سیاسیەکانی دا چووەتە سۆفیای پایتەختی بولگاریا بۆ سەرپەرشتی کردنی ڕادیۆی نهێنیی دەنگی گەلی عێراق.

بەڕێزی لە پاش گۆڕانکارییەکانی عێراق و ڕوخانی ڕژێمی بەعسی سەددام لە ساڵی ١٩٩٢ بووە ئەندام لە یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستانی عێراق و وەک کەسێکی بێ لایەن چالاکییەکانی لە بواری سیاسی دا بەردەوام کردووە.

عزەدین موستەفا رەسووڵ یەکێکە لەو یانزە دامەزرێنەرەی یەکێتیی نووسەرانی کوردو یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنی ئەو یەکێتییە بە قەڵەمی بەڕێزی نووسراوە. ناوبراو ڕۆڵێکی گرنگی لە یەکێتیی نووسەراندا گێڕاوە، چ لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا و چ لە چالاکییەکاندا، بەتایبەت دەرکردنی گۆڤاری یەکێتیی نووسەران.

پڕۆفیسۆر عزەدین موستەفا رەسوڵ خاوەنی چەندان لێکۆڵینەوەی گرنگە لەسەر مێژووی ئەدەبی کوردی و سەدان وتار و لێکۆڵینەوەی نووسیوە.

بەڕێزی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٥ ساڵی دا لە شاری سلێمانیی ھەرێمی کوردستان  ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ھەر لەم پەیوەندییەدا فاروق مەلا موستەفا برای دکتۆرعزەدین موستەفا رەسوڵ وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم ھەواڵە دڵتەزێنە، ئەوەی ڕوون کردووەتەوە کە، ئەم ڕۆشنبیرە ناودارەی کورد ماوەیەک لە بەر جەڵتەی دڵ  دۆخی تەندروستیی تێکچوو بوو.

دوا وتاری خوالێخۆشبوو پڕۆفیسۆر عزەدین موستەفا رەسوڵ ئەمڕۆ لە گۆشەیەکی رۆژنامەی کوردستانی نوێ بەناوی "ئەم کونجەش" بڵاو بووەتەوە و تیایدا لەژێر ناوی "ئیتر بۆ بنووسم" تیشکی خستووەتە سەر یەکگرتوویی جەماوەرەکەی و وەک دوائامۆژگاری داوای لە هەردووک پارتی دەسەڵاتداری ھەرێمی کوردستان  کردووە ھەتا تەبا و یەکگرتوو بن.

کەناڵی ئاسمانیی سەحەری کوردی بە بۆنەی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنەوە لە بنەماڵەی ئەو بەڕێزەو کۆمەڵگای ڕۆشنبیران و قەڵەم بە دەستانی کورد سەرەخۆشی دەکات....ڕۆحی شاد.