ڕێواز فایه‌ق: دڵخۆشم به‌بڕیاره‌کانى دادگاى فیدراڵى
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i425496-ڕێواز_فایه_ق_دڵخۆشم_به_بڕیاره_کانى_دادگاى_فیدراڵى
ڕێواز فایەق سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند، "دڵخۆشم بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بەڵام، هەندێک هەنگاوی تەکنیکی هەن کە پێویستە جێبەجێ بکر‌ێن، ئەوکات تێدەگەین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبەرژه‌وەندی موچەخۆرانە یان نا".
(last modified 2026-02-14T07:05:55+00:00 )
شوبات 28, 2024 10:00 Asia/Tehran

ڕێواز فایەق سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند، "دڵخۆشم بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بەڵام، هەندێک هەنگاوی تەکنیکی هەن کە پێویستە جێبەجێ بکر‌ێن، ئەوکات تێدەگەین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبەرژه‌وەندی موچەخۆرانە یان نا".

ناوبراو پێیداگرت: "ئەگەر ئاستەنگێک هەبێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان، پێویستە بەزووترین کات چارەسەر بکرێت، چونکە هەردوو حکومەتی هەرێم‌ و ناوەند پابەندکراون بەجێبەجێکردنی بڕیارەکە".

ڕێواز فایق لەبارەی کەم کردنەوەی کورسی پێکهاتەکانیش به‌میدیاى فه‌رمى گۆڕانى وت: "پێکهاتەکان بوون بە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکانی هەرێم، لەبەریەککەوتنی هێزە سیاسییەکان نەیانتوانی بێلایەنیی خۆیان بپارێزن، هەمیشە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەئاشکرا دەیوت: بەپێکهاتەکانەوە زۆرینەی پەرلەمانمان هەیە".

ناوبراو وتیشى: "بەهەموو پێکهاتەکان لەخولى پێنجەمى پەرلەمانى هەرێمی کوردستان  بیستو سێ هەزار دەنگیان هێناوە، سەیرم لێدێت کە دەڵێن چوارسەد هەزار تورکمان لە هەرێمى کوردستان هەیە".

سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، "نەخشەی سیاسی ناو هۆڵی پەرلەمان هەمیشە هۆکاربوو بۆ پاراستنی حکومەت لەو کاتانەی داوا دەکرا لێپرسینەوە لە حکومەت بکرێت".

سه‌باره‌ت به‌ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق، ڕێواز فایەق، ڕایگەیاند، "ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەسەر ئەوە ماوەتەوە کە کەرەستەکانی هەڵبژاردن ئامادەن یان نا، لەسەر خواستی هیچ لایەنێکی سیاسی نەوەستاوە، ئێستا دۆخەکە گونجاوە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن، پێشبینی ده‌که‌م لە مانگی حوزەیران هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت".