Mar 20, 2019 18:24 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی ڤەنزۆئێلا بە هەڕەشەی سەربازیی نوێی ترامپ

وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزۆئێلا لە کاردانەوە بە هەڕەشەی سەربازیی نوێی سەرۆک کۆماری ئەمریکا پێ داگری کرد کە کاراکاس ئەو لێدوانە مەترسیدارانە بەتوندی بەرپەرچ دەداتەوە .

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فارس، وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزۆئێلا لەکاردانەوە بە لێدوانی پڕهەڕەشەی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەچاوپێکەوتنی لەگەڵ هاوشانە بەرازیلیەکەی "ژایر بولسونارۆ" لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، حکومەتی ڤەنزۆئێلا لێدوانی مەترسیداری ترامپ و بولسونارۆ بەتوندی ڕەت دەکاتەوە.

لەو بەیاننامەدا هاتووە؛ حکومەتی ڤەنزۆئێلا بەمەبەستی دڵنیابوون لە هێنانەدی ناوچەی ئاشتی لە ئەمریکای لاتین و دەریای کارائیب، درێژە دەدا بە پێبەندبوونی بە یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان.

"دۆناڵد ترامپ" رۆژی سێ شەممە لەدیدار لەگەڵ "ژایر بولسونارۆ" لەکۆشکی سپی لەوەڵامدانەوە بە پرسیارێک لەبارەی ئەگەری دەسوەردانی سەربازی ئەمریکا لە کاروباری ڤەنزۆئێلا ، ئەو هەڕەشەیەی دووپات کردەوەوە کە گوایە هەموو بژارەکان لەسەر مێزە.

ترامپ بە دووپات کردنەوەی هەڵوێستی دەستتێوەردەرانەو دوژمنکارانەی ئەمریکا لەدژ ڤەنزۆئێلاو ڕاگەیاندنی داکۆکی دووبارە لە "خوان گوایدۆ" سەرکردەی نەیارانی سەربە واشنگتۆن، هەڕەشەی هێرشی سەربازی کرد لە حکومەتی "نیکۆلاس مادۆرۆ"ی سەرۆک کۆماری یاسایی ڤەنزۆئێلا .

سەرۆک کۆماری بەرازیلیش کە هەڵوێستەکانی هاوڕەوتە لەگەڵ هەڵوێستی ئەمریکا، لەبارەی پێویستیی درێژەدان بە داکۆکی لە گوایدۆ قسەی کرد.

قەیرانی نوێ لە ڤەنزۆئێلا ٢٣ی ژانڤییە وکاتێک دەس پێ بوو کە "خوان گوایدۆ" بەپاڵپشتیی ئاشکرای ئەمریکاو هاوپەیمانانی، خۆی وەک سەرۆک کۆماری ڤەنزۆئێلا ناودێرکرد، کردەیەک کە حکومەت و گەلی ڤەنزۆئێلا بەکودەتا لەدژ نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆک کۆماری هەڵبژاردەی خەڵک ناویان برد.

زۆرێ لە وڵاتان لەوان ئێران، ڕووسیاو چینیش ئەو ڕەفتارەی ئەمریکایان شەرمەزار کردو پێیان داگرت لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانیی ڤەنزۆئێلا.

بۆچوونت