سی ئێن ئێن: ناڕەزایەتییەکان لە فەرەنسا نیشانەی قەیرانێکی قووڵە لە کۆمەڵگا و سیاسەتدا
کەناڵی هەواڵی سی ئێن ئێن ڕاپۆرتی داوە: بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەر شەقامەکان لە فەرەنسا، بەدەر لە نائارامییەکی ناوبەناو، ئاماژەیەکیشە بۆ توندبوونەوەی قەیرانێکی قووڵ لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەم وڵاتەدا.
سی ئێن ئێن بە پشت بەستن بە شرۆڤەی شارەزایانی سیاسی وتیشی: پارچەپارچە و پەرتەوازەبوونی سیاسی لە نێوان بەرپرسانی باڵای فەرەنسا کە دوای هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی ساڵی ٢٠٢٤ بە دەسپێشخەریی ماکرۆن و ئەنجامە بە پێچەوانەکانی کە بنبەستی پەرلەمانی لێکەوتەوە، پێدەچێت هەر بەردەوام بێت. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، گرنگترین کێشەی ئێستای فەرەنسا قەرزەکانیەتی. توێژەرانی ڕێکخراوی ئاکسفۆرد ئێکۆنۆمیس لە مانگی ژولایی ڕابردوودا ڕایانگەیاندبوو کە فەرەنسا یەکێکە لە قەرزدارترین وڵاتانی ئەوروپا و چەقبەستوویی سیاسی بەو مانایەیە کە پێشبینی دەکەین ئاستی قەرزەکانی ئەم وڵاتە بەردەوام زیاتر و زیاتر ببێت. بە بۆچوونی شرۆڤەکاران، ڕێژەی قەرزی ئەم وڵاتە بەرامبەر بە بەرهەمی ناخالسی ناوخۆیی لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ١١٩%؛ ئامارێک کە دوو هێندەی ئەو ئامانجەیە کە یەکێتی ئەوروپا دیاریی کردووە.