• چوار کەناڵی تەلەفزیۆنی هەرێمی کوردستانی عێراق داخران

وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستانی عێراق رایدەگەیەنێت " ئەمشەو بڕیاری راگرتنی پەخشی 45 کەناڵی ناوخۆیی لەهەرێم جێبەجێدەکرێت".

 

محەمەد گەردی، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئەو کەناڵانەی کە باج و رسوماتیان نەداوەو مۆڵەتەکانیان نوێ نەکردۆتەوە، دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوەیان و مۆڵەتدان پێیان ئەمڕۆ کاتی دیاریکراو تەواو بوەو تائێستا نەهاتون بۆ تازەکردنەوەی مۆڵەتەکانیان بۆیە وەک وەزارەتی رۆشنبیری بڕیاریانداوە ئەمشەو پەخشی ئەو کەناڵە ناوخۆییانە رابگیرێت".

بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە”هەتاکو مۆڵەتەکانیان نوێ نەکەنەوەو ئەو باج و رسوماتەی کە لەسەریانە نەیدەن پەخشی کەناڵەکانیان ناکرێتەوە.”

گەردی ئاماژەی بەوەشدا، کە ئەو کەناڵانە بە تەنها کەناڵی ناوخۆیی نین، بەڵکو کەناڵی ئاسمانی و رادیۆشیان تێدایە کە تائێستا مۆڵەتەکانیان نوێ نەکردوەتەوەو باج و رسوماتیان نەداوەو قەرزدارن.

وتوشیەتی”هەر ئەمڕۆ بڕیارەکەمان رادەستی ئەو کۆمپانیایه ‌کردوە کە پەخشەکەیان بۆ دەکات کە ئەمشەو پەخشەکانیان رابگیرێت.”

ئاشکراشیکردوە کە  ئەو کەناڵانە باج و رسوماتی زیاتر لە سێ ساڵ قەرزدارن، بڕی ئەو پارەیەش کە قەرزدارن بەگشتی نزیکەی 3 ملیار دینارە.

وتوشیەتی”ئێمە وەک قۆناغی یەکەم پەخشی کەناڵە ناوخۆییەکان رادەگرین دواتر لە قۆناغی دوەم دەستدەکەین بە گرتنەبەری رێوشوێن بەرامبەر کەناڵە ئاسمانی و رادیۆکانیش.”

Feb 12, 2018 12:01 Asia/Tehran
بۆچوونت