سەرۆک وەزیرانی قەتەر: نەتانیاهۆ گەورەترین لەمپەری سەر ڕێگای جێبەجێکرانی گەڵاڵەی ئاشتی غەززەیە
سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر ڕژێمی زایۆنیی تۆمەتبار کرد بە پابەندنەبوون بە ئەرک و ئەستۆگرییەکانی لە چوارچێوی ڕێککەوتننامەی غەززەدا وتیشی: ئەم کردەوانە لە پێناو دابینکردنی بەرژەوەندی تاکەکەسی کە واتە خودی بنیامین نەتانیاهۆ و کابینە ڕاستخوازە توندڕەوەکەی ئەنجام دەبێ.
شێخ محمد بن عەبدوڕەحمان ئالی سانی وتیشی کە لیستێکی دوور و درێژ لەبەر دەستدایە سەبارەت بە حاڵەتەکانی پێشێلکرانی ڕێککەوتننامەی غەززە لە لایەن کابینەی ناتانیاهۆ و جەختیشی کرد کە ناتانیاهۆ لە بارودۆخی هەنووکەدا گەورەترین لەمپەرە لەسەر ڕێگای بەرەو پێشچوونی پلانی ئاشتی غەززە .
سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر ڕاشیگەیاند: ئەم بارودۆخە لە کاتێکدا بەردەوامە کە هەموو ناوبژیوانان هەوڵێکی بەبڕشتانە دەدەن بۆ پابەندکردنی لایەنەکان بە ڕێککەوتنەکە و هەروەها بەرەو پێشچوونی پرۆسەی ئاشتی لە غەززە.
سەرۆک وەزیرانی قەتەر پێشتریش جەختی کردبوو کە ڕژێمی زایۆنی پابەند نییە بە بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی غەززە و ئێستاش هەر بەردەوامە لە کشتوکوشتاری خەڵکی مەدەنی و پێش دەگرێ بە گەیشتنی بەڕادەی پێویستی یارمەتییەکان بەم کەرتە.