Jul 16, 2019 07:53 Asia/Tehran
  • عەبدولمەهدی ڕوو لە مەسروور بارزانی: هەرچی خێراتر هەنگاو بۆ چارەسەری کێشەکان بنێین

عادڵ عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، خوازیاری هەنگاونانی هەرچی خێراتر بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕووداو نێت؛ ئێوارەی دوێنێ دووشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا "عادل عەبدولمەهدی" پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی کردووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان خواستووە.

بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، عادل عەبدولمەهدی رایگەیاندووە "هیوادارین هەرچی زووتر بە کردەوە دەست بە هەنگاونان بۆ چارەسەری هەموو کێشە هەڵواسراوەکان بکرێت. بەیەکەوە هاوکار بین بۆ ئەوەی تواناکانمان بخەینە ئاراستەیەک کە بە سوود و قازانجی هەرێمی کوردستان و عێراق بێت بەگشتی و خزمەتێکی شایستەی هاووڵاتیان بکرێت".

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 16-7-2019 مەسروور بارزانی سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تاوتوێی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکەن، لەوانەش پرسی ناوچە کوردستانییەکان، نەوت و بودجە.

بەپێی زانیارییەکانی بەردەست، شاندەکە بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی پێکهاتووە لە وەزیرانی داد، پێشمەرگە، ناوخۆ و دارایی و ئابووری. یەکەم کۆبوونەوەکەی شاندەکە لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق دەبێت، دواتر ئەو شاندە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی کۆ دەبێتەوە. سێیەم سەردانیشی بۆ لای "محەممەد حەلبووسی"، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەبێت.

 

بۆچوونت