نیسان 06, 2020 15:43 Asia/Tehran
  • گروپە چەکدارەکانى سەر بە تورکیا 45 هاوڵاتی کورد لە عەفرین دەڕفێنن

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، تەنها لە مانگی رابردودا 45 هاوڵاتی لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیاوە رفێندراون.

ڕۆژی یەکشەممە روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکیدا لەبارەی رەوشی عەفرین لە کوردستانی سوریا ئاماژەی بەوەکردووە "دەیان پێشێلکاری مرۆیی، رفاندن، دزی و دەستبەسەرداگرتنی ماڵی هاوڵاتیان لەو شارە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی تورکیاوە ئەنجامدراون".

باسیلەوەشکردووە، هەر لە مانگی رابردوودا نزیکەی 45 هاونیشتیمانی مەدەنی لەلایەن ئەو گروپە چەکدارانەوە لە ناوچە جیاوازەکانی عفرین رفێندراون، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکیان دواتر بەرامبەر پارە ئازادکراون هێشتا زۆرینەیان بە تۆمەتی لایەنگریان لە یەکینە و هێزە کوردییەکان لەژێر دەسەڵاتیاندان.

بەپێی راپۆرتەکەی روانگەکە ، لە سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵەوە  تورکیا گڵۆپی سەوزی بۆ گروپە چەکدارەکانی هەڵکردوە تا ماڵ و سامانی کوردانی ناوچەکە بە نرخێکی زۆر کەم بفرۆشن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، چەکدارانی ئەو گروپە خانووەکانی  ئەو کوردانە دەفرۆشن کە لە لەشکرکێشییەکەی تورکیادا بۆ سەر عەفرین خانووەکانیان جێهێشتوە و بەرامبەر هەر ماڵێکی دو نهۆمی، بڕی سێ بۆ پێنج هەزار دۆلاری ئەمریکیان وەرگرتوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەشێکی دیکەی خانوەکانی کوردانی ناوچەکەیان داوە بە کرێ و هاوشێوەی سەروەت و سامانی خۆیان مامەڵەیان پێوەدەکەن، بێجەگە لەوەی گەندەڵییەکی بێشوماریان دروستکردوە و کوردانی ناوچەکە ناوێرن لە ماڵەکانیان بچنەدەرەوە، بەتایبەتی لە ئێواراندا لە رفاندنیان دەترسن لەلایەن ئەو گروپە چەکداریانەوە.