سەرلەشکر سەفەوی: پەلاماری مووشەکیی ئەمریکا بۆسەر سوریا هەڵەیەکی ستراتژیک بوو
https://kurdish.sahartv.ir/news/ئێران-i286066-سەرلەشکر_سەفەوی_پەلاماری_مووشەکیی_ئەمریکا_بۆسەر_سوریا_هەڵەیەکی_ستراتژیک_بوو
ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، پەلاماری مووشەکیی ئەمریکا بۆسەر سوریای بە هەڵەیەکی ستراتژیک بۆ حکومەتی نوێی ئەمریکا زانی.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
نیسان 10, 2017 04:17 Asia/Tehran
  • سەرلەشکر سەفەوی: پەلاماری مووشەکیی ئەمریکا بۆسەر سوریا هەڵەیەکی ستراتژیک بوو

ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، پەلاماری مووشەکیی ئەمریکا بۆسەر سوریای بە هەڵەیەکی ستراتژیک بۆ حکومەتی نوێی ئەمریکا زانی.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا؛ سەرلەشکر سەید یەحیا ڕەحیم سەفەوی دوێشەو لە نەتەنزی ئیسفەهان(ناوەندی ئێران) بەئاماژە بەوەی کە دەسدرێژکاریی ئەمریکا بۆسەر سوریا دەریخست کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکاش وەک سەرۆک کۆمارانی پێشووی ئەو وڵاتە لایەنگری تیرۆریستانە، وتی: ئەو دەسدرێژکارییە، شکست دێنێ.

یەکەم دەسدرێژکاری ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپدا بۆسەر پێگەکانی سوپای سوریا سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینیی ڕابردوو بە تێگرتنی پەنجاو نۆ مووشەک لە سەربازگەی ئەلشەعیرات و ئاواییەکانی دەورووبەری لە پارێزگای حۆمس، ئەنجامی گرت.

لەو پەلامارە مووشەکییەدا، چوار منداڵ کوژران و حەوت کەسیش بریندار بوون.

پەلاماری مووشەکیی ئەمریکا بۆسەر سوریا بێ ئیزنی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەسەر پاپۆڕ و کەشتییە ئەمریکییەکانی جێگیر لە دەریای ناوەڕاستەوە بەبیانووی پەلاماری شیمیایی جێی گومانی سێ شەممەی ڕابردووی سەر خان شەیخون لەپارێزگای ئیدلەب ئەنجامی گرت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا میحوەری ڕۆژاوایی عەرەبی لایەنگری تیرۆریستان هەوڵی زۆری داوە ئەو پەلامارە بخاتە ئەستۆی حکومەتی سوریا، بوختانێک کە حکومەتی سوریا شێلگیرانە ڕەتی کردۆتەوە.

گرووپە تیرۆریستییەکان لەئێراق و سوریا چەندین جار لە چەکی قەدەغەکراو بۆ وێنە چەکی شیمیایی لەدژ خەڵکی ئەو دوو وڵاتە کەڵکیان وەرگرتووە.

لە پەلاماری شیمیایی رۆژی سێ شەممەی ڕابردووی سەر ناوچەی خان شەیخون لەباشووری ئیدلەبی سوریا، زیاتر لە سەت کەس کوژران و نزیک بە ٤٠٠ کەسیش بریندار بوون.

زۆرێ لەکارناسان تاوانبارکردنی حکومەتی سوریا بە کەڵک وەرگرتن لە چەکی شیمیایی بە جۆرێک هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی و بەپێچەوانە پێشاندانی ڕاستییەکان هاوتەریب لەگەڵ سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی سوپای سوریا لەبەرامبەر تیرۆریستان لەقەڵەم دەدەن.

قەیران لە سوریا لە ساڵی٢٠١١وە بە هێرشی بەرفراوانی گرووپە ڕەشەکوژەکانی جێی داکۆکی عەرەبستان، ئەمریکاو هاوپەیمانانیان لەوان تورکیا بۆ ڕووخاندنی حکومەتی یاسایی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا دەس پێ بووە.