ڕەزا نەجەفی: ئەنجومەنی ئاسایش هێرشکرانە سەر دامودەزگا ئەتۆمییەکان بە هەند بگرێت
نوێنەری ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی خوازیاری هەنگاوی خێرای کۆمەڵگەی جیهانی بوو بۆ ڕێگریکردن لە پەلاماردران یان هەڕەشەی هێرشکردنە سەر دامودەزگە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکان.
ڕەزا نەجەفی، نوێنەری ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، لە حەفتاو یەکەمین کۆبوونەوەی گشتیی ئاژانسدا لە ڤییەنا وتی: "هێرشی چەکدارانە بۆ سەر دامودەزگا ئەتۆمییەکان لە ساڵانی ئەمدواییەدا یەکجار زۆر بووە و ئاساییبوونەوەی ئەم کردەوەیە مەترسییە لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی. نەجەفی پێداگریی کرد کە پەلاماردانی دامودەزگا ئەتۆمییەکان دەتوانێ دواهاتی واوەتر لە ناوچەی شەڕ و پێکدادانەکەی هەبێت، لە مەترسی بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ و ژینگە بگرە تا تێکچوونی پرۆسەی دابینکردنی کارەبا و بەرهەمهێنانی ئیزۆتۆپی پزیشکی. نوێنەرەکەی ئێران بە بەڵگەهێنانەوە لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا و ڕێسا مافەوانییە نێودەوڵەتییەکان وتی: "بەکارهێنانی زەخت و زۆر دژ بە وڵاتان قەدەغەیە و دامودەزگە ئەتۆمییەکانیش خاوەنی داکۆکی و پاراستنی تایبەتن. نەجەفی هەروەها بە ئاماژە بە پەلاماری ئەمریکا و رژێمی زایۆنی بۆ سەر ئێران، ئەم کردەوانەی بە بنپێکردنی مافە نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد و خوازیاری بەرپرسیاربوونی ئەنجامدەران و هەروەها قەرەبووکردنەوەی زەبر و زیانەکان بوو. نەجەفی لە درێژەی قسەکانیدا خوازیاری جێبەجێکرانی سیاسەتی "بەرگەگرتنی سفر" بەرامبەر بە هەر چەشنە هێرش یان مەترسییەک بۆ سەر دامودەزگە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکان بوو. ناوبراو جەختیشی کرد کە هەرچەشنە نیگەرانییەک سەبارەت بە چالاکیی ئەتۆمی دەبێ لە ڕێگەی دیپلۆماسی، شێوازی ئاشتییانە و میکانیزمی مافەوانییەوە چارەسەر بکرێت. نوێنەری ئێران لە کۆتاییدا داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کرد کە هێرشکرانە سەر دامودەزگا ئەتۆمییەکانی ئێران بە هەند بگرن و بۆ پێشگری بە دووبارەبوونەوەی وەها کردەوەگەلێک، خێرا و بەبڕشتانە بێنە مەیدانەوە.