بەڕێوەچوونی دووهەم کۆبوونەوەی ئێران، ڕووسیاو کۆماری ئازەربایجان، سبەی لەتاران
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: دووهەم کۆبوونەوەی سێ لایەنیی سەرۆک کۆمارانی ئێران، ڕووسیاو کۆماری ئازەربایجان نیوەڕۆی سبەی چوارشەممە لەتاران دەس پێ دەکات.
بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆنی ئێران، بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: بەرپرسانی باڵای ڕووسیاو کۆماری ئازەربایجان لەسەفەر بۆ ئێران، شاندە پلەبەرزەکان لەئاستی جۆربەجۆردا بەتایبەت لەبواری سیاسی و ئابووری، هاوڕێتی دەکەن کە دەرفەتێکی زۆر شیاوە بۆ ئەوەی هەر سێ وڵات لەبارەی پرسە دوو قۆڵیی، ناوچەیی و جیهانییەکان پێکەوە ڕاوێژی جیددی وتەنانەت بڕیاردانی پێویست ئەنجام بدەن.
قاسمی وتیشی: بۆ دانیشتنی هاوبەش و دیداری ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیاو ئیلهام عەلی ئێف سەرۆک کۆماری ئازەربایجان لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی، ڕاوێژکاریی پێویست ئەنجامی گرتووە.
یەکەم کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی ئێران، ڕووسیاو کۆماری ئازەربایجان لە باکوو بەڕێوە چووبوو.