کانونی یه‌که‌م 01, 2017 09:14 Asia/Tehran
  • دەسپێبوونی هەفتەی یەکێتی و پیرۆزبایی ساڵڕۆژی لە دایک بوونی پێغەمبەری ئیسلام (ص)

ئەمڕۆ هەینی دوازدەی ڕەبیعولئەوەڵی ١٤٣٩ی کۆچی، ڕێکەوتە لەگەڵ یەکەمی دیسەمبەری ٢٠١٧، ساڵڕۆژی لەدایک بوونی حەزرەتی محەممەدی مستەفا (د.خ) بە پێی باوەڕی سوننەکانە. هەروەها یەکەم ڕۆژی هەفتەی یەکێتی و یەکبوون لە ئێراندایە.

ئەهلی سوننەت، ١٢ی ڕەبیعولئەوەڵ  و شیعەکان ١٧ی ڕەبیعولئەوەڵ بە ساڵڕۆژی لەدایک بوونی پێغەمبەری نازداری ئیسلام (ص) دەزانن.

حەزرەتی ئیمام خومەینی (ڕە) بناغەدانەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە خۆی لە مونادییانی یەکێتی و یەکبوون لە جیهانی ئیسلام بوو، ئەو هەلەی قۆستەوە بۆ یەکگرتنەوە و لێک نزیک بوونەوەی گرووپە ئیسلامییەکان و مەودای نێوان ئەو دوو بەروارە (١٢ تا ١٧ی ڕەبیعولئەوەڵ)ی بە هەفتەی یەکێتی ئیسلامی ناودێڕ کرد.

ئەم هەفتەیە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی زیاتر بایەخ بدرێ بە یەکێتی و یەکدەنگیی جیهانی ئیسلامی بەتایبەت لەم قۆناغە پڕ ئاڵۆزی و دووبەرەکییەدا.

هەرچەن موسڵمانان لە هەموو ئایین و ئایینزا جۆربەجۆرەکانەوە لە هەندێ پرسی ئایینیدا جیاوازی بیر و ڕایان هەیە، بەڵام خاڵە هاوبەشەکانیان لەوان بروا بە خودای تاکانە، کتێبی ئاسمانیک، پێغەمبەر و قیبلە گەلێک زیاتر و گرینگترە.

هەروەها موسڵمانان لە سەر عیبادەتە گرینگەکانی وەک نوێژ، ڕۆژوو، حەج، زەکات و ... یەک بیر و ڕان.

ڕێکخراوی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەسپێکی هەفتەی یەکێتی و یەکبوونی ئیسلامی کە بە ناوی موبارەکی حەزرەتی محەممەدی مستەفا (ص) رازاوەتەوە، ئەم بۆنە پیرۆزە لە هەموو موسڵمانانی جیهان پیرۆزبایی دەکات.

سەرپەیڤ