ئەمیرعەبدوڵاهیان: هەڵس و کەوتی ئەمریکا لە خەباتی دژ بە تیرۆریزم گوماناوییە
"حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان" یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لە کاروباری نێودەوڵەتیدا، هەڵس و کەوتی ئەمریکاییەکان لە شەڕی دژ بە تیرۆریزمی بە گوماناوی وەسف کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان" ڕۆژی دووشەممە لە دیداری "عەبدولمونەعیم ئەحریز" باڵیۆزی ئەلجەزایر لە تاران بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی ناوچە و سەرکەوتنی ئێراق، سووریا و لوبنان بە سەر تیرۆریستان لە ناوچە ڕایگەیاند: بە داخەوە ئەمریکاییەکان لە جیاتی خەباتی دژ بە تیرۆریستان، جێگە و بنکەی ژمارێک لە سەرکردەکانیان لە سووریا و ئێراق گۆڕییەوە و داڵدە و پەناگەیان پێ دان.
"حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان" لەم دیدارەدا ڕووداوەکەی ئەمدواییە و قسە و لێدوانی نائاوەزمەندانەی ترەمپ سەبارەت بە شەرعییەت دان بە قودس وەک پێتەختی ڕژێمی نایاسایی و ساختەی زایۆنی بە هەنگاوێکی دژ بە یاسا و ڕێسا نیودەوڵەتییەکان زانی.
"عەبدولمونەعیم ئەحریز" باڵیۆزی ئەلجەزایر لە تارانیش لەم دیدارەدا ڕێز و سپاسی دەربڕی بەرامبەر بە هەوڵە کاریگەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خەباتی دژ بە تیرۆریزم و بە ئاماژە بە گرینگایەتیی پاراستنی سنوور لە هەموو وڵاتاندا وتی: دابین کردنی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بۆ هەموو وڵاتان پێویستە.
لەم دیدارەدا پەرەپێدرانی زیاتری پیوەندییەکان لەوان هاوکاریی پەرلەمانیی دوو وڵاتیش کەوتە بەر سەرنج.
"عەبدولمونەعیم ئەحریز" هەروەها پێی داگرت لە سەر گرینگایەتیی و پێویستیی داکۆکیی وڵاتان لە گەلی چەوساوەی فەلەستین و ئەوەی کە قودس هی فەلەستینە.
"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا چوارشەممە )شەشەمی دێسەمبەر) وێرای نەیارەتیی بەربڵاوی ناوچەیی و جیهانی رایگەیاند: ئەمریکا شەرعییەت دەدات بە قودس وەکوو پێتەختی ئیسراییل و هەروەها فەرمانی دا کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تێلاڤیڤەوە بگوازرێتەوە بۆ بەیتولموقەدەس.