زەریف: ئەوروپا بە بنپێکردنی بەڵێن ، ناتوانێ ڕێککەوتننامەی ناڤۆکی بپارێزێ
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی : ئەورووپا بە بنپێکردنی بەڵێن ناتوانێ ڕێککەوتننامەی ناڤۆکی لەگەڵ ئێران بپارێزێ.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ یورگن تودنهوفەر سیاسەتڤان، ڕۆژنامەنووس و نووسەری ئاڵمانیایی وتیشی : هەڵوێستی بنەڕەتی ئەورووپا ئەویە کە سەبارەت بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی نابێ دیسان وتووێژ بکرێت و ئەمەی که هەموو خاڵەکانی ئەم ڕێککەوتنە خاڵ بەخاڵ دەبێ ڕەچاو بکرێت و جێ بەجێ بکرێت و چاوەڕوانیی ئێرانیش هەر ئەمەیە کە ئەورووپا پێبەندی ئەم ڕێککەوتنە بێت .
سەرۆکی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران هەروەها پێداگری کرد : ئەوروپا ناتوانێ لەم ڕاستییە کەڵک وەرگرێ کە سات و سەودای ناڤۆکی ، بەرهەمی دیپلۆماسی ئەورووپییە و ئەگەر هەوڵ بدات ئەم بەرهەمە بن پێ بکات لە ڕاستی دا نەیتوانیوە ئەم سات وسەودایە پاوەجێ ڕاگرێ.
زەریف هەروەها سەبارەت بە توانایی مووشەکیی ئێران وتی: ئێران لە چاو وڵاتانی دیکەی ناوچە، کەمترین بودجەی بۆ چەکەمەنی خەرج کردووە وێڕای ئەوەی مەودای بڕینی مووشەکگەلێکیش کە ئێستا لە ناوچە لەوان لە عەرەبستانی سعودی هەن، زۆر زۆرترە لە مووشەکەکانی ئێران.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی : عەرەبستان مووشەکی چینی نێوان کیشوەریی بالستیک ی لە بەردەست دایە کە ئێستا بوردی دوو هەزارو پێنسەد کیلومەترییان هەیە بەڵام مەودای بڕینی نوسخەی سەرەکی ئەم مووشەکانە دەگاتە دوازدە هەزار کیلومەتریش .