پەیامی فەرماندەری گشتیی ئەرتەش بە بۆنەی دەسپێبوونی دەیەی پیرۆزی فەجر
فەرماندەری گشتیی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا بە بۆنەی دەیەی پیرۆزی فەجر وتی: سەرباری پەلەقاژەی ئیستیکبار، شۆڕشی ئیسلامی بە سەربەرزی و سەربەستیەوە ڕێگای گەشانەوە و پێشکەوتنی پێواوە.
بە پێی راپۆرتی ئیرنا؛ ئەمیرسەرلەشکەر "سەید عەبدوڕەحیم موسەوی" شەوی پێنجشەممە لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزبایی کردنی دەیەی پیرۆزی فەجری شۆڕشی ئیسلامی لە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی و گەلی ئێران وتیشی: دەیەی پیرۆزی فەجر، وەبیرهێنەری بەسیرەت و بەشارەتی گەلێکی یەکگرتوو و یەکپارچەیە کە توانی بە ڕێنوینیی ڕێبەری بەتەگبیرو بوێر وبە کەڵک وەرگرتن لە ئامۆژگارییە بێ وێنەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لەبەرەنگاربوونەوەی سیستیەمی زۆڵم و زۆری پاشایەتی ، وەرزێکی نوێی ژیانی سیاسی و کەلتووریی خۆی دەست پێ بکات و ببێتە هۆی بووژانەوەی ئایینی و مەعاریفی ئیلاهی لە وڵاتی دێرینی ئێران.
فەرماندەری گشتیی ئەرتەش لەم پەیامەدا وتیشی: شۆڕشی بەشکۆی ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدا پێ دەنێتە چلەمین ساڵی ژیانی پڕ بەرەکەتی خۆی کە تیشکی ژیانبەخشی ئەو شۆڕشە سەرانسەری ناوچەکە، جیهانی ئیسلام و واوەتر لەوەی گرتۆتەوە و بۆتە هۆی ڕابوون و هەستانەوەی گەلان لە وڵاتانی جۆربەجۆردا.
ئەمیر سەرلەشکەر سەید عەبدوڕوەحیم موسەوی لەم پەیامەدا وێڕای پیرۆزکردنی دەست پێبوونی چلەمین بەهاری شۆڕشی ئیسلامی لە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی و گەلی شۆڕشگێڕی ئێران، ڕایگەیاند: ڕۆڵە گیانفیداکانی گەل لە ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرکردایەتیی فەرماندەری مەزنی گشتی هێزە چەکدارەکان بە ویست و ورەیەکی بەزری شۆڕشگێڕانەوە ئامادەی پاسەوانی و پاراستنی شۆڕشی ئیسلامین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (١٢ی ڕێبەندان) بەرامبەر لەگەڵ ١ی فێڤرییە ساڵڕۆژی گەڕانەوەی ئیمام خومەینی (رە) بۆ ئێران و دەسپێکی دەیەی پیرۆزی فەجری شۆڕشی ئیسلامیە.
لە ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندان واتە ڕۆژی گەڕانەوەی ئیمام خومەینی (رە) بۆ ئێران تا ٢٢ی ڕێبەندان کە ڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانە، بە "دەیەی فەجر" ناودێڕی کراوە و هەموو ساڵێ جەژن و ڕێ و ڕەسمی تایبەت بە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لەم ڕۆژانەدا بەڕێوە دەچێ.
ڕێ و ڕەسمی فەرمیی دەسپێکی جەژنەکانی دەیەی فەجری شۆڕشی ئیسلامی هاوکات لەگەڵ چرکەساتی مێژوویی گەڕانەوەی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) بۆ ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (پێنج شەممە) بە بەشداریی چین و توێژی جۆربەجۆری جەماوەری، بنەماڵەی شەهیدان، بەرپرسانی سەربازی و حکومەتی لە گڵکۆی پاکی بناغەدانەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و فڕۆکەخانەی مێهرابادی تاران و هەروەها لە سەرانسەری ئێرانی ئیسلامی بەڕێوە دەچێ.