برووجردی: تیرۆریزم گەورەترین کێشەی مرۆڤایەتییە
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەیی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران، وتی: تیرۆریزم، گەورەترین کێشەی مرۆڤایەتی لەئێستا دایە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی مەجلیس؛ عەلائەدین برووجردی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەیی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لەدیدار لەگەڵ میودراگ ڤۆکۆڤیچ سەرۆکی کۆمیسیۆنی یاسای بنەڕەتی و ئەندامی گرووپی دۆستایەتی پەرلەمانیی مۆنتەنێگرۆ و ئێران لەتاران بەئاماژە بە داکۆکیی ئەمریکا لە تیرۆریزم لەناوچەدا وتی: بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم پێویستی بە ئیرادەی جیددیی هەموو وڵاتان هەیە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەیی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران هەروەها گەڕانەوەی هاووڵاتیانی ئوروپایی گرووپە ڕەشەکوژەکان بۆ وڵاتەکانیانی بە گەورەترین نیگەرانی ئێستای ئوروپا زانی کە دەبێ ڕێگاچارەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە.
برووجردی لەبارەی هاوکارییەکانی ئێران و کۆماری مۆنتەنێگرۆش وتی: پەیوەندییەکانی دوو وڵات لەبواری جیاجیادا ڕوو لەپەرەیەو کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەیی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی داکۆکی دەکا لە ڕەوتی ڕوولەپەرەی پەیوەندیی وهاوکارییەکانی نێوانیان بەتایبەت لەئاستی پەرلەمانیدا.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یاسای بنەڕەتی وئەندامی گرووپی دۆستایەتی پەرلەمانیی مۆنتەنێگرۆ و ئێرانیش وتی: مەجلیس و دەوڵەتی کۆماری مۆنتەنێگرۆ پێشوازی دەکا لە پەرەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران لەبوارە جیاجیاکان.