وەلایەتی: پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق، "ستراتژیک"ـە
ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی دوێشەو(هەینی) بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق، ستراتژیکە، وتی: دوو وڵات هەردەم بەهاوکاریی یەکتر ، بەرەنگاری ئیستعمار بوونەوە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، عەلی ئەکبەر وەلایەتی ئاماژەی کردە یارمەتی ڕاوێژکاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە عێراق لەشەڕی دژ بەتیرۆریزم و وتی: ئامادەبوونی ڕاوێژکارانی ئێرانی لە عێراق لەسەر داوای ئەو وڵاتە بوو.
ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕش بۆ کاروباری نێودەوڵەتی وتی: بەرەڤانی لە عێراق، ئەرکی سەرشانی ئێرانە.
عەلی ئەکبەر وەلایەتی هەروەها وتی: ئەمریکا لەهەوڵی دزەکردنی گزیکارانە لە عێراقە بەڵام سەرکەوتوو نابێ.
قەیران لە عێراق لەساڵی٢٠١٤ـەوە بە پەلاماری بەرفراوانی تیرۆریستانی داعشی جێی داکۆکیی عەرەبستان و ئەمریکا بۆ گۆڕینی هاوکێشەکانی ناوچە بەقازانجی رژیمی زایۆنی دەس پێ کرا.
هێزە عێراقییەکان بەیارمەتی ڕاوێژکاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوێنێ هەینی١٧ی نۆڤمبەری٢٠١٧ توانیان شاری ڕاوە لە پارێزگای ئەنبار(رۆژاوای عێراق) دواپێگەی داعش لە عێراق ڕزگاربکەن، بەکۆنترۆڵ کرانەوەی ئەو شارە بەکردەوە کاری داعش لە عێراق کۆتایی پێهات.
ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بۆ کاروبارە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەی بە قەیرانی یەمەنیش کردو وتی: کوژرانی خەڵکی یەمەن لەبەر زێدەخوازییەکانی ئەمریکایە.
وەلایەتی وتی: خەڵکی یەمەن سەرەنجام سەرکەوتن بەدەست دێنن.
عەرەبستان بەپاڵپشتیی ئیمارات، ئەمریکا، بەریتانیاو فەڕانسە لەمارسی٢٠١٥ـەوە دەستی کردووە بە دەسدرێژکاریی سەربازی بۆسەر یەمەن و گەمارۆی زەوینی، ئاسمانی و دەریایی ئەو وڵاتە. شەڕخوازیی عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی لە یەمەن تائێستا کوژران و برینداربوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی بەملوێنان یەمەنی لێکەوتووەتەوە.
رژیمی سەعوودی و هاوپەیمانەکانی تائێستا لەبەر خۆڕاگریی خەڵکی یەمەن نەیانتوانیوە ئامانجەکانیان لەو وڵاتە(بەدەسەڵات گەیاندنی بەکرێگیراوانیان) مسۆگەر بکەن.