زەریف: ئاسایش و سەقامی وڵاتانی دراوسێ و ناوچە، ئاسایشی ئێرانە
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی : ئاسایش و سەقامی وڵاتانی دراوسێ و ناوچە، هەر ئەو ئاسایش و سەقامەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە .
محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە وڵامی میدیاکانی پاکستان لە شیکردنەوەی گرینگایەتی ئاسایش و سەقام لە ناوچە سەبارەت بە پێوەندیی ئێران و عەرەبستان وتیشی : سعودییەکان وادەزانن بە قازانجی ئەوانە ئەگەر دونیا وابزانێ ڕژێمی سعودی لەلایەن ئێرانەوە هەڕەشەی لێ دەکات.
زەریف وتیشی : کۆماری ئیسلامیی ئێران دڵنیایە عەرەبستانی سعودی بەشێک لە ناوچەیە و نابێ لە گۆڕانکارییەکانی ناوچە دوور بگرێتەوە .
سەرۆکی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران وێڕای شیکردنەوەی خەسارە قەرەبوونە کراوەکان و وێرانییەکان لەبەر هەڵمەتە تیرۆریستییەکان لە ئێراق و سوریا وتیشی : ئێران و عەرەبستانی سعودی دەتوانن بۆ بنیات نانەوەی ئێراق و سوریا سەرمایە دانێن و بۆ ئەم کارە دەبێ گرفتەکانی لە پشتی مێزی وتووێژ چارەسەر بکات .
زەریف سەبارەت بە پێوەندیی نێوان ئێران و هیندستانیش بە ئاماژەدان بە پێوەندیی باشی تاران و ئیسلام ئاباد وتی : پێوەندی ئێران لەگەڵ هیندستان لە چوارچێوەی نەیارەتی لەگەڵ پاکستان نییە، هەر ئەو جۆرەی کە پێوەندی پاکستان و عەرەبستانی سعودیش نیشانەی نەیارەتی لەگەڵ ئێران نییە .
وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە بێ بەڵێنییەکانی ئەمریکا لە جێبەجێ کردنی بەرجامیش وتی : ڕێککەوتننامەی ناڤۆکیی ئێران و ڕۆژاوا ڕێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتییە و ئەگەر دوناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بیەوێ ئەم ڕێککەوتننامەیە بنپێ بکات بەڕاستی خۆدی ئەم وڵاتە لە جیهان گۆشەگیر دەبێت.
محەممەد جەواد وەزیری دەرەوەی ئێران شەوی یەکشەممە بەمەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ کاربەدەستانی باڵا پاکستان لەسەرووی شاندێکی سیاسی - بازرگانی و لەسەر بانگێشتنی خاجە محەممەد ئاسف وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە گەیشتوەتە پاکستان .