شی کردنەوەی وتووێژەکانی ئێران و یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە قەیرانی یەمەن
یاریدەری باڵای وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاروباری سیاسی پاش کۆبوونەوەی ئێران و چوار وڵاتی ئەورووپایی سەبارەت بە قەیرانی یەمەن لە ڕۆمی پێتەختی ئیتالیا وتی: ئامانج لەو وتووێژانە لێکدانەوەی ڕەهەندەکانی قەیرانی یەمەن و هەوڵدان لەمەڕ دیتنەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ ئەو قەیرانەیە.
"حسێن جابری ئەنساری" وتیشی: قەیرانی یەمەن بەتایبەت لە بواری مرۆییەوە، ڕەهەندێکی تۆقێنەری گرتۆتە خۆی و کارەساتێکی مرۆیی بەربڵاو و مەرگی کڕوکپی گەلی یەمەن خەریکە خۆی دەردەخات.
یاریدەری باڵای وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاروباری سیاسی راشیگەیاند: یەکێک لە ئامانجەکانی سیاسەتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵدان بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی یەمەنە.
"حسێن جابری ئەنساری" راشکاوانە رایگەیاند: وتووێژەکانی ئێران لەگەڵ چوار وڵاتی ئەورووپایی و بە گشتی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا لە چوارچێوی کۆمەڵە هەنگاو و هەوڵەکانی ئێران بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی یەمەن بوو.
یاریدەری باڵای وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاروباری سیاسی وتیشی: سەبارەت بە سیاسەتەکان و هەنگاوە دیارە متمانەچێکەرەکان وەکوو هەنگاوی بەرایی پێویست بۆ دەرباز بوونی یەمەن لەو قەیرانەی ئێستا، وتووێژی باش لەگەڵ لایەنە ئەورووپاییەکان لە ڕۆم ئەنجام دراوە.
یاریدەری باڵای وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاروباری سیاسی هەروەها بە ئاماژە بەوەی کە خولی یەکەمی وتووێژەکانی ئێران و یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە یەمەن فێڤرییەی ٢٠١٨ لە مونیخی ئەڵمان و خولی دووەمیشی ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕۆم بەڕێوە چوو وتی: خولی سێهەمی وتووێژەکان پاش مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە نیوەی دووەمی ژوەنی ٢٠١٨ لە بروکسێل ناوەندی یەکێتیی ئەورووپا، بە میوانداریێتیی ئەم یەکێتییە بەڕێوە دەچێ.