ته‌مووز 31, 2018 08:38 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی راوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێران بە قسەکانی ترەمپ سەبارەت بە ئامادەیی بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران

راوێژکاری سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوە بە پێشنیاری سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئێران وتی؛ ئەو کەسانەی بڕوایان بە وتووێژ وەکوو ڕێگایەک بۆ چارەسەر کردنی کێشە و ناکۆکییەکان هەیە دەبێ ئامرازەکەیشیان هەبێ.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ کاژێرێک پاش قسەکانی "دۆناڵد ترەمپ"ی  سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەربارەت بە ئامادەیی بۆ وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی بە بێ پێشمەرج، "حەمید ئەبووتالبی" ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێران بە پڕوپاگەندیی وەسف کردنی ئەو پێشنیارە وتی: ئەو کەسانەی بڕوایان بە وتووێژ وەکوو ڕێگاچارەی کێشە و ناکۆکی لە کۆمەڵگە خاوەن  ژیارەکان هەیە، دەبێ ئامرازەکەیشیان هەبێ.

ئەبووتالبی سەر لە بەیانی سێشەممە پاش قسەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە  ئامادەیی دەربڕین بۆ دیدار لەگەڵ سەرانی ئێران لەهەر کاتێکدا و بە بێ هیچ پێشمەرجێک وتی: ساڵی ڕابردوویش لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، پاش هەڕەشە لە گەلی مەزنی ئێران، بەرپرسانی ئەمریکایی مەسەلەی دیداری نێوان دوو سەرۆک کۆماریان هێنابوویە ئاراوە.

راوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێران وتیشی: ئیستا پاش چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، سەرۆک کۆماری ئەمریکا باسی دانوستانی بێ پێشمەرج لەگەل بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی هێنابوویە ئاراوە کە ئامانجی سەرەکیەکەیشی بەلاڕێدا بردنی بیر و ڕای گشتیی لە بەڵێنشکێنیی واشینگتۆن بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمییە.

ئەبوتالبی ڕێزدانان بۆ گەلی مەزنی ئێران، کەم کردنەوەی دوژمنایەتی و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە هاسان کەرەوەی ڕێگای دژواری پێوەندی لەگەڵ ئێران زانی و وتیشی: وتووێژی تەلەفوونی سەرۆک کۆمارانی دوو وڵات لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٣٩٢ ی هەتاوی لە سەر ئەو بنەمایە بوو کە دەکرێ بە پشت بەستن بە ئامرازی وتووێژ، لە ڕێگای متمانە چێکردندا هەنگاو هەڵگیردرێ.

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی هەڕەشە و گوڕەشە و قسە دوژمنکارانەکانی ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دژ بە ئێران، پاش نیوەڕۆی دووشەممە بە کاتی خۆجێی لە کۆبوونەوەی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ "جۆزێپە کۆنتە" Giuseppe Conteی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا لە کۆشکی سپی وتی کە ئامادەیە بە بێ هیچ پێشمەرجێک لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی دیدار بکات.

فریودانی خەڵک و بیر و ڕای گشتی لە لایەن سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە بە هێنانە ئارای باسی ئامادەیی بۆ دانوستان لەگەل ئێران بۆ چارەسەر کردنی کێشە و ناکۆکییەکان  لە کاتێکدایە کە ترەمپ هەشتەمی مانگی مەی بە دووپات کردنەوەی تۆمەتە بێ بنەماکانی دژ بە ئێران، چوونەدەری واشینگتۆن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و گەڕانەوەی بایکۆتە ئەتۆمییەکان دژ بە ئێرانی ڕاگەیاند.

بەم حاڵەوە ئەو کردەوەی ترەمپ بەرەوڕووی نەیارەتیی بەربڵاوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بوویەوە؛ تا ڕادەیەک کە بەریتانیا، فەرانسا، ڕووسیا، چین، ئەڵمان و یەکێتیی ئەورووپا وەکوو لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی جەختیان کردووە کە لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە داکۆکی دەکەن.

سەرپەیڤ