ترەمپ دیسان خەون و خەیاڵ گرتیەوە: ئێران بەم زوانە لەگەڵ ئەمریکا وتووێژ دەکات
"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا شەوی رابردوو دیسان بانگەشەی کرد کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەم زوانە لەگەڵ دەوڵەتەکەی ئەو دانوستان دەست پێ دەکەن.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە لە خەون و خەیاڵ نانەوەدا خاوەن ئەزموونە پێشتریش چەندین جار بانگەشەی کردبوو کاتی ئەوەی دەگات کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ پێوەندی بەوە بکەن.
ترەمپ ڕۆژی دووشەممەیش بانگەشەی کرد ئامادەی ئەوەی کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بێ هیچ پێشمەرجێک دانوستان دەست پێ بکات.
بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران شەوی چوارشەممە لە کاردانەوە بە قسەکانی ترەمپ راشکاوانە رایگەیاند پێشنیاری وتووێژ لەگەڵ ئێران لە لایەن ترەمپەوە لە کاتێکدا دێتە ئاراوە کە دەوڵەتی ئەمریکا بە بێ هیچ پاسادانەوەیەک و بە پێچەوانەی هەموو یاسا و ڕێسا نیودەوڵەتییەکان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی چوە دەرەوە وبایکۆتە نامرۆییەکانی خۆی سەر لە نوێ بە سەر گەلی ئێران داسەپاندۆتەوە.
"محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش شەوی ڕابردوو بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە هەڕەشە، بایکۆت و فڕ و فێڵی پڕوپاگەندیی هیچ کاریگەرییەکەیان نییە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند ئەمریکا تەنیا دەتوانێ خۆی لەبەر چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و بەجێ هێشتنی مێزی دانوستان بە تاوانبار بزانێ.
خەڵک خەڵەتاندنی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە ئامادەیی بۆ دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدایە کە ترەمپ هەشتەمی مانگی مەی بە دووپات کردنەوەی تۆمەتە بێ بنەماکانی دژ بە ئێران، چوونەدەری واشینگتۆن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و گەڕانەوەی بایکۆتە ئەتۆمیی لە ماوەی سێ تا شەش مانگی داهاتوو ڕاگەیاند.
ئەو کردەوەی ترەمپ بەرەوڕووی نەیارەتیی بەربڵاوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی بوویەوە.