لێدوانی دژبەیەکی واشنگتۆن لەبارەی دانوستان لەگەڵ ئێران
بەرپرسی پێشووی حکومەتی ئەمریکا پێشنیاری سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بۆ دانوستان لەگەڵ ئێرانی بەنموونەی ئاشکرای لێدوانی دژبەیەکی ناوبراو وحکومەتەکەی زانی.
"ڕیچارد نفیو" ئەندامی تیمی ئەمریکا لە دانوستانی ناڤۆکیی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە لە دیمانە لەگەڵ هەواڵدەریی ئیرنا وێڕای دەربڕینی شک وگومان لەمەڕ جیددیی بوونی پێشنیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ دیداری بێ مەرج لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی وتی: ترەمپ بەو قسانەو مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ناوبراو بەدانانی مەرج بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران، لێدوانی دژبەیەک دێننەئاراوە.
"وەندی شێرمەن" یاریدەری وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکاش بەبڵاوکردنەوەی پەیامێک لەسەر پەیجەکەی لە توئیتەر، کاردانەوەی پێشاندا بە لێدوانی ئەم دواییەی ترەمپ کە وتبووی هیچ پێش مەرجێکی بۆ دیدار لەگەڵ هاوشانە ئێرانییەکەی نییە، و نووسی: هەڵبەت ئێران لەوانەیە پێش مەرجی هەبێ و ئەویش گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمییە.
دۆناڵد ترەمپ دوێشەو جارێکی دیکە ئیدیعای کرد بەرپرسانی ئێرانی بەزوویی لەگەڵ حکومەتەکەی، وتووێژ دەکەن.
ترەمپ پێشتریش ئیدیعای کرد، ئەو ئامادەییەی هەیە کە لەگەڵ ئێراندا بێ پێش مەرج دانوستان بکات.
بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەکاردانەوە بەلێدوانەکانی ترەمپ وتی: پێشنیاری وتووێژ لەگەڵ ئێران لەبارودۆخێکدا دێتەئاراوە کە حکومەتی ئەمریکا بەپێچەوانەی هەموو یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی چووەدەر و سزاو ئابلۆقە نادادگەرانەکانی سەرلەنوێ بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپاندووە.